بیرۆکەیەکی کۆن دەبێتە هەڵبەستێکی نوێ

سەردەمێک لەمەوپێش،

هاوڕێیەکم، ئەم بیرەوەريیەی بۆ گێڕامەوە،

هەر لەو کاتەوە بوو بە بیرۆکەی شیعرێک کە ئێستا دێتە بەرهەم:

تاکەوشەکەم

بیرم دێ

کاتی مناڵیم،

بەفرێکی قورس باریبوو؛

بەڵام، کەوشە نەگبەتەکانی من

جووتێ کەوشی شڕووڕی بەهاری بوو!

ئەو رۆژەش

       وەک هەموو رۆژێک

وێڕای ئەو بەفرە ئاستەمەش،

              ڕێگای مەدرەسەم لەبەر بوو؛

ئەوەی بەسەر من هات، ئەو ڕۆژە نەگبەتە،

چۆنی بڵێم؟؟

                        هەر نسیبی گورگی بەدبەختی کوێستان بێ

            # # #

لە هاتنەوەشدا، ئێوارە،

                     کە بەفرەکە تاوابووەوە

هەر هەنگاوێک،

             لەو بەفر و ژڵیوەیەدا،

تەزینی پێ و

         – چۆنی بڵێم –

          چەرمەسەرێ و دژواري بوو!

           * * *

تا، لە هەنگاوێکدا، ناکاو،

          تاکەوشێکم، چەقی و لەو قوڕ و بەفرەدا،

                                          لێم بەجێ ماو

                             نوقمەساری قوڕ و چڵپاو!

پێی بچکۆلەم

           کەوتە سەر بەفری جەرگ-بڕ

بە هەنگلەشەلێ، هەتا ماڵ،

               نەک هەردوپێ، تا تەوقی سەرم تەزیبوو!

لە ماڵەوەش،

             تەوس و تانە و لۆمەی باوک

-سبەی چلۆن ئەچیتەوە بۆ مەدرەسەت؟؟

                         – کوانێ پارە بۆ کەوشی نوێ؟؟

– کەوشی نوێ؟؟

کەوشی نننوێ؟؟؟

لە خۆشیان

گشت تەزووی سەرمام لێ بوو بە

                     خەونی پۆشینی کەوشی نوێ!!

کە شەوداهات،

            دەستم کردە ملی خەونی کەوشی تازە و

                              خەونی فوتباڵ …

                                ڕابڕینی هەڤاڵانم …

                                 خەونی خۆشی کەوشی تازەو تینی گەرما …

🙂 🙂 🙂

چاوم تازە گەرم دەبوو؛

تازە دەستم کردبووە ملی خەوێکی خەیاڵاوي؛

لەپڕ، تەقە لە دەرگا هات!؟

دراوسێ یەکی گمژەمان

                    هاتە ژوورێ

                 تاکەوشە سەرمابردووەکەی بەدەستەوە؛

بە لاژە-لاژ هاتەزمان: ئەوە من ئەم …

ئەم تاکەوشەم،

          لە نێو بەفری ڕێگای مەکتەبدا دۆزیەوە؛…

ناسیمەوەو

                       وتم … بۆتانی بێنمەوە …

(خەون و خەیالم لێ بووبە قۆززەڵقورت و

لە دڵە ی خۆشي-نەدیوما، بوونە بوغز و گەروو گیران:

-دەک ڕاستەوە نەبی؛ نەگبەت!

                    گەمژەی لاژگ!…

🙁 🙁 🙁

ئیتر، خەونی کەوشی تازەم لێ زڕا و لێشم هەڵفڕی مەلی خەیاڵ

خەونی فوتباڵ …

ڕابڕینی مناڵ

          هەر هەمووی هەڵفڕین لێم و

دوور کەوتنەوە …

دوور هەتا مانگ و

                                       هەتا ساڵ …

من و کەوشە نەگبەتەکانیشم

                   دیسان

دیسان

                            بووینەوە بە هەڤاڵ 🙁