سولەیمان محمدي،
تێکۆشەرێکی کومۆنیست و ڕێبەرێکی خەباتی کرێکارانی کوورەپەزخانە
گەلاوێژی ١٣٦٥؛ دیسەمبری ١٩٨٦؛
کەوتە بەر کارەساتێکی تیرۆریستي حیزبی دیموکراتی سەرمایەداران و
گیانی بەختکرد.
شیعرەکەم لا نەمابوو؛
یەکێک لەهاوڕێیانی دێرین، لە ئارشیوی خۆی دۆزییەوە و ناردی بۆم
بەسپاسەوە لەم هاوڕێیە
پاش ٣٣ ساڵ،
دیسان بڵاوی دەکەمەوە:
پەنجەیەک بوو
پەنجەکانیترمی فێرکرد بن بە مست و
پۆزەی بەهەڵپەی تاڵانکەر
لە خوانی خێزانی برسیم دوورخەنەوە!
پەنجەیەک بوو
دەستمی فێرکرد
کە دەستی هاوماڵەکانم
گەرم و گوڕتر، بگرمەدەست!
پەنجەیەک بوو
نەبزی مەچەکمی ئەگرت و ئازارەکانمی ئەڕەواند؛
ئاواتەکانمی ئەناسي؛
ئاڵۆزاوي تاڵەکانی، ئارام ئارام،
ئەکردەوە و
بێ گرێ و گۆڵ
لەگەل ئاواتی هاوماڵان ئەیهۆنیەوە…
ئارامی ژانی مناڵی نەخوشم بوو
لە گەرمەژانی پڕئێشا…
پەنجەیەک بوو
گوڵی لامپای ژوورەکەمی هەڵئەکێشا…
پەنجەی پیرۆزەی ئیشارەت
ئیشارەتی بەشارەت بوو بۆ رزگاري
نیشانەی دەریای وشیاري…
***
پەنجەبووین، کردینی بە مست!
هەرکام، دەستێکی لاواز بووین
لێکی هەڵپێکاین: هەزاران…
بێ هێز بووین، بەهێزی کردین…
دابێینەوە
تارێنەری پؤزەی تاڵان!
کە سەرتاپا، خەریکین بینە هەڕەشە
ئاڕاستەی جەستەی تاڵانکەر،
دێوی دزێوی هەزار-سەر
سەرچاوەی ڕەنج،
ڕووناکي-کوژ،
سۆما-خنکێن،
چنگی چەپەڵی چەتوونی هاویشتووەو
گەش-ئەستێرەی لە ئاسمانم ڕفاندووە!
چاوی چەواشە لە حەنای شەوقی چرام،
چنگاوشی دەستم بووەو
پەنجەی، ئاوا، چرا-گرمی
شکاندووە!!
***
هۆ چنگی دز!
هۆ چنگی چەوت!
دەستی پەستی چەتەی چەتوون؛
کە ژانی مەرگ ئەتجووڵێنێ!
گوڵی سولەیمانت ژاکاند؛
بەڵام بۆ گوشینی گەرووت
من
شێر-پەنجەی هەزار-پەنجەم!
ئاسمانێکی پڕ-ئەستێرەم
نووخاومەتەوە بە سەرتا!
ئەرزێکی پانم
پڕ بورکان
تەقیومەوە لە ژێر پێتا!
لەم سەر-عەرزە و ژێر-ئاسمانە
-ئەی دەرەتان-کوێرەوە-بوو-
لە کوێ سەری پیرە-مەرگي ت ئەنێیتەوە؟!
ڕێبوار؛
٣١ی٦ی١٣٦٥
|