بە شوێنەواری باب دیلانا

پێش چەند ساڵێک،

پاش تەقینەوەکانی لاهوور و بەغدا و بروکسیل؛

ئەم شیعرە هاتەبوون؛

پایزی ٢٠٢٠ یش، هێرشەکانی ترۆریستان بۆ سەر شارەکانی:

‌                             پاریس، ڤیەن و کابول و …

برینەکەی نوێ کردەوە:

منیش، بە شوین ئاوازەکەی باب دیڵانا:

,Blowin´in The Wind:

How many roads must a man walk down
Before you call him a man

بەسەر چەند گوڵی ژاکاودا
هەنگاو بنێم
تا بگەم بە بەسیەئیتر؟؟
لە چەند شار
چەند وڵات و چەند
پارچەی جیهان
بازدەم بەسەر
چەن هەزاران پەیکەری شەڵاڵی خوێندا؟؟
چەن “دیلان”ی خنجیلانەم
لە سەر کەنار
بێ لایە-لایە جێ بێڵم
تا دەرباز بوون لە شەوەزنگ؟؟
لاهوور و بەڵخ و بامیان
بروکسیل، پاریس و لەندەن
ئەنکەرا، ئەسەمووڵ، عەدەن،
قەندیل ئامێد و کوبانێ…
چەند جار ئەبێ مار-گەستە بم
لە ماری پەروەردەی مزگەوت؟؟
چەند جار
لە بەر چەند دەرگای زیندانی ئێران
هەڵ لەرزم تا بەری بەیان
چەند پەیکەری
بە پەت-تاساوی ئازیزان
هەموو ڕۆژێک
بە ساردي بگرمە ئامێز؟؟
چەند مانگ
بێ مووچە
بێ مەعاش
خۆم و مناڵ
زگ هەڵگووشین….؟؟؟
ئیتر گەیشتوەتە گیانمان!!
ئەی کەی جادە و شەقامی شار
پڕ کەین لە هەزاران هاوار؟؟
گەرووی گەندەڵی گەندەڵي
کەی وا بوگشین
مافی خوراوی کۆن و نوێ
دەستەبەر بێتە بەر دەستان؟؟
باب دیلان، رۆژێک لە ڕۆژان،
وتی: وەڵام، ئاژوانە لەگەل بای زەمان!!
بەڵام ئێمە
داوین بۆ ئەو بای سەرگەردان؛
تۆڕین؛ یەخسیر کەری وەڵام!
پەیکەرمان
ئاڵاوەتە چی کۆت و زنجیر و شیر و تیر
شانمان
ترنجاوەتە ژێر
تاقی تەنگی ئاسمانیان
چاوەڕوانی
ئاژوانی با و باب دیلان نین!
تاقی فەلەک هەڵدەتەکێنین و هەتاو
هەتاو ئەبێتە میوانمان!