بۆ یادی سەدوپەنجاساڵەی کۆمۆنی پاریس 🙂
(روونکردنەوەیەکی کورت:
فۆرومی ئێکونۆمي جیهاني:
World Economic Forum،
بە بۆنەی کۆرۆناوە، قسە لەوە دەکەن کە ئێکۆنۆمی دنیا،
Great Reset (ریسێت ی گەورە) بکرێتەوە،
ئابووري جیهاني، سەر لەنوێ و لە ڕگەوە، دامەرزێننەوە!
من لێرەدا، Resetم کردووە بە “داچنینەوە”
وەک چۆن داشەکانی شەترەنج دادەچنینەوە؛
ئەم شیعرە باسی ئەو داچنینەوەیە)
کۆرۆنا پاشقولی داون
بەزم و بازاریان شێواوە
شپرزاون!
قاویان داوە:
بەتەمای داچنینەوەن!
پاش شێوانی بەزم و بازاڕی نگریسیان
باسی داچنینەوەی مەزنی
داشەکانی شەترەنجی شپڕێویان دەکەن!
بەڵام ئێمە، خۆ، لەمێژە
خەریکی داچنینەوی مەزنی ئەم گۆڕەپانەین!
سەد و پەنجا ساڵ پێش ئێستا،
کۆمۆنەی پاریس، فەرەنسا،
دامان بەژێر تەختەی شەترەنجی جیهانا؛
ئەوە ئێمە بووین ئەو کاتە،
داچنینەوەی مەزنمان لە هەڵڵا دا!
بۆ دامەرزانێکی نوێ؛
دامەرزانێک
بێ شا،
بێ وەزیر و بێ فیل،
بێ فیل سوار؛
بێ قەڵا و پەستوو و پەناگای دەسەڵاتیان!
وتمان: ئەرێ؛
سوار، ئێتر ئەبێ دابەزێ!
سوار دابەزێ و پیادە سواربێ!
//////\\\\\
بە شۆڕشەکەی ئۆکتۆبریش
جارێکیتر
سوارمان کێشایە خوار لە زین؛
پیادەی خۆمان
هەڵمان کوتایە سەر تەختی دەسەڵاتی گشت-گۆڕەپان؛
هەمان-کات، لە هەڵڵامان دا: پیادە-سوار!
ئێستا بەڵام،
زۆڵم و زۆر و هەڵاواردن و تاڵانیان
بە پانایي هەموو جیهان
ڕێگای هەناسەی لێ گرتووین؛
گیانیان گەیاندوەتە لێوان،
هێشتاش ئاوا بێشەرمانە،
بەتەمان تێهەڵکەنەوە و
شەترەنجە شپڕێوەکەیان
جارێکیتر داچننەوە؟!
////\\\\
بەسیە ئیتر!
با داچڵەکێن؛
با بزانن!
با بزانن:
کات، کاتی هەڵپێچانیانە؛
نەک داچنینی سەرلەنوێی
شەترەنجی شڕ و شپڕێوی دەسەڵاتیان!
//////\\\\\
بەڵێ؛
بێن دایچنینەوە
لەڕگەوە!
داچنینەوەی حەقەتي و هەرە مەزن:
با سوار، یەکجاري، دابەزێ و
پیادە سواربێ!