سواری ماندوو

سواری ماندوو
دابەزیبوو
لەغاوی خستبوە سەرمل ئەسپەکەی و
هێی کردبوو
ئەسپ حیلاندی و
بەرەو ئاسۆ
سواری بەزیوی بەجێهێشت؛
*
سواری ماندوو
دەستی بەحاڵ لە دەرکەدا
دایکی بە پیريیەوە هات
ڕوومەتی دایک
خەریک بوو دەگەشایەوە
بە پێکەنین،
ناکاو تێکچوو
خۆڵ و بووڵیان بە سەردا کرد؛
پێکەنین و شایی دامرد؛
سوارەکەی چەکی پێنەبوو
وتی: دایە؛ کڕێوەیە، سەرما و تۆفی خۆڵینەیي
ناهێلێ چاو بترووکێنی
وتی: دایە؛ کڕێوەیە، هەور ڕندوویەکی قورسە؛
ئاسمانێکە نەوي بووە،
نەوی، چەسپی زەوی بووە
دایک
لە چەقی دەرگادا
هەردوو پێی لە عەرز چەقیبوو.
نەی دەزانی
بدا لە پڕمەی گریان، یا
یا تووڕەبی و دەرگا داخا…؟
وتی: دایە،
کڕێوەیە
ڕێگا ونکردن ئاسانە؛
ڕێگا دەرکردن گرانە
وتی: دایە،
دوێنێ شەوێ لە خەونم دا
دیم هەڵۆیەک
باڵی شکاوی کێش ئەکرد
لەو کڕێوە و تۆفانەدا
خۆی کرد بە درزی دوو بەردا

وتی: ڕۆڵە
دڵمنایە بڵێم بە خێر نەییتەوە
کوا ئەسپ و چەک و جل و بەرگ؟
کوا سەری نەترساو لە مەرگ؟؟
*
سبەی، دایک،
بەدەم ئێشەوە هەستابوو؛
دونیای بەسەردا ڕووخابوو.
-هەتا سوار بووی
دڵنیا بووم
باری گران هەتا هەتا
شانم هەلا-هەلا ناکا
هەتا سوار بووی
خەونی تیري، خەونی حەسانەوەم ئەدی.
هەتا سوار بووی
ئەگەر ئەوکێوە کار بوایە
لەخۆم ڕادەدی دایگرم
هەتا سواربووی
هەموو ڕۆژێک چاوەڕوان بووم
جێ-هیوای دەر و جیران بووم
بەڵام ئێستا
چۆن سەر بێنمە نێو سەران؟
چۆن بچمە نێو دەر و جیران؟
پێتوایە چی؟
دوێنێ شەوێ لە خەونمدا
چەقەڵی چۆم هەڵۆی بێباڵی ئەخنکاند؛
پێتوایە چی؟
ژین هەر تاڵە و مەینەت هەر میوانی ماڵە
کڕێوە و تۆف
چی بوو لە چاو دەستی بەتاڵ
باری گران
زکی لە برسان هەڵگووشراو؟
چی بوو لە چاو
شەق و شەلاخ و شکەنجە و
پەتی ملی ئیعدامکراو؟
بۆ کوێ ئەڕۆی؟
کوا دەرووی ڕوون؟
کوانێ رێبازی دەربازبوون؟
بە تەمای چیت؟
حەسانەوە؟
لای ئەو کەسەی بەڕەنجی تۆ حەساوەیە؟
….
ڕۆڵەی دایکی
چار ناچارە
چار ناچارە؛ هەر زۆرە کوژەی زۆردارە
خۆ هەر تۆ نیت؛ دەست هەزارە
لێرە، لەوێ، خەریکی چارانی کارە
سواری بەزیو
ئەژنۆی تەزی تێهاتەوە
حیلەی ئەسپە تەریوەکەی
دیسان، وەبن گوێ هاتەوە
: ڕۆڵەی دایکی
چار ناچارە
بار ئەبێ بگاتە مەنزڵ
چ کەس نیە غەیری خۆمان
دەریایەک دەستی تامەرزۆین
زۆرین، وەکوو خیزی چۆمان
سواری ماندوو
چاوی لە چاو ئەدزییەوە
چاوی گەڕاند
هەزاران چاوی سەرزەنشت
هەزاران چاوی بە-پرسیار
هەزاران چاوی پڕ ئۆمێد
لە دەوروپشت
چاوی گەڕاند
لە ئاسۆوە
ئەسپەکەی، بەرەولای، بە غار
یاڵی بەدەم باوە داوە
– ڕۆڵەی دایکي،
لێرە شەپۆل
لێرە دەریا
کڕێوە و تۆف دێت و دەڕوا
ئەم ئاسمانە سەری بە هەور نەگیراوە
هەور کە ڕۆیی
ئاسمانی شین
ئاسمانی زەنگ
هەتاوی گەش هەتا هەتا
سوار، هەستابوو
دەستی لە یاڵی ئە سپەکەی، توند، ئاڵابوو؛
لنگی لە ئاوزەنگي، قایم، شەتەک دابوو
بە نێو کڕێوە و تۆفانا
لە چاوی گەشاوەی دایکی
بەرەو ئاسۆی ڕوون ئاوا بوو
زستانی ١٣٦٤/ ١٩٨٦