بۆ فەریناز و فەرخوندە؛

عالەم پڕە
لە بانگەوازی فەرخوندە* و
جەخاری مەرگی فەریناز؛
بانگەوازی یاخی بووەکان؛
فەرخوندەین
سوهەیلاین
نیداین
دۆعاین و فادیمەین
پیلاین…

ڕێحانەین و … فەرینازین…
لیستەیەکی بێ کۆتایي…
***
هاواری یاخي بووانی هەناسە سوار:
تاچەند؟!
تاکەی؟!
تاکەی تیژاو؟!
تاکەی سوهەیلای جەورکێش!؟
تاکەی چاومان
ئەکەنە چاڵی چەتووني!؟
***
رۆژ-نە-رۆژێ
پەیکەری سووتاومان
ئاڵای نەفرەتێکی یاخي بووە
یاخین ئیتر
لە ئائین
لە نەریت یاخین
لە تەشی رستنی شیرین
دەست بەچەک لە بێداد یاخین!
لە حوکمی بێدڵی خەمسارد،
پێشێلکەری گۆڵاڵەی ژین
پێشێلکەرانی فەرخوندە،
لەبەنگيیانی کوێر و کەڕ
لە نۆکەرانی حوکمی دین
حوکمی دەسەڵاتی پارە
حوکمی نینسانفرۆش
یاخین!
***
ئێستا، فەرخوندە ئاڵایە
دەسڕێژە، هەڵمەتە، مشتە
ڕاساوە لە
ژێرچەنەی ریشنی ئائین
لە ژێر چەنەی
بێ ڕیش و بێ شەرمی سیمین**
بەڵێ فەرخوندە بوو بە مشت
مشتی یاخی بووان لە دین.
***
سیمای خویناوي فەرخوندە
گوڵێکە، ئاڵایەکی سوور
بە موژدەی نەورۆزی تازە
نەورۆزی هاودەنگي بەرین
نەورۆزەکەی پیرۆز کردین
***
ساڵی تازە
بەهاری تازەی هاودەنگي
لە پامیرەوە تا ئوسلۆ
پڕ لە بانگەوازی نوێی
“یاخین؛ یاخین”
سوهەیلاش یاخيیە لە جەور
هۆزی جەورکێشان یاخین
لە ئائین
لە نەریت یاخین
لە تەشی ڕستنی شیرین
چەک بەدەست، لە بێداد یاخین!
لە حوکمی بێدڵی خەمسارد،
لەدەسەڵاتی سەرمایە و حوکمی پارە لەسەر ئینسان؛
لە ژاکانی گوڵالەی ژین
بە سمکۆڵی
بەنگيیانی ئەفیونی دین؛

بەڵێ، یاخین؛
لە حوکمی ئینسانفرۆشی جیهان یاخین!

نەورۆزمانگی ٢٠١٥

  • * ئاماژەیە بە فەرخوندە مەلیکزادە کە لە مارسی ٢٠١٥دا، لە کابول، بەشێوەیەکی دڕندانە کوژرا و سوتێندرا.
  • ** سیمین، لێرەدا، ئاماژەیە بە سیمین حەسەن زادە، ئەوکات جێگری وەزیری اطلاعات ی ئەفغانستان کە کۆمینتی ئائین پەرستانە و دژ بە فەرخوندەی نووسیبوو. 
  • /////////*****\\\\\\\
  • لێرەشەوە دەتوانن دکلەمەی شیعرەکە بیبیستن:

///////////\\\\\\\\\