گفت و گۆ

شیعرێکی دێرین کە بە لوتفی کاک حەمەی کەماڵی دۆزیمەوە 🙂


دوێنی شەو
لە خەوما نازانم لێرە بوو یان لەوێ
من و تۆ
لە خۆشی ئەم جەژنە
باڵمان لێ ڕوابوو
هەڵ ئەفڕین
ئەگەڕاین
شار بە شار
دێ بە دێ…
دەمان دی
لەم کوچە ئەو کۆڵان ئەو مەیدان
پڕ پڕی پانایی خیابان
کۆمەڵی ژن و پیاو…
لە خەوما
لە هەر کوێ
هەڵ ئەفڕین
ئەنیشتین
دەمان دی: دارستان
دارستانێک ئینسان، وەک دەریا
ئاسمانێک ئەستێرەی چاوی گەش
جەنگەڵێک دەست و مشت
وەک شەپۆل وەک دەریا
خرۆشاو….
دەمان دی
کاکۆڵی شیعار و پلاکارد
بە نەسیمێکی شاد شنەی دێ

کاکۆڵی ئاڵاکان
وەک پۆلە پەروانە
وەک گڕ
وەک بڵێسە
ورشەی دێ
دەمان دی
لەم کۆڵان دەستەیێ
لەو مەیدان گوردانێ
هەر شارێ لە شکرێ
وەک سان و ڕێژە
ڕیزی خۆی دەپێکێ
فوارەی هەزاران هاواری یەکیەتی
لە هەر دەم دەپشکوێ
لە خەوما
هەستمان کرد
چۆلەکەی چاوی دڵ
لە خۆشیان شارە وشار
چڵا و چڵ
هەڵ ئەفڕێ.
هەستمان کرد
پەپوولەی گوێچکەی دڵ
لە خۆشیان
گوڵا و گوڵ ئەنیشێ
وتم پێت
وەرە با
بت بەمە مەیدانی سەر چاوەی
ئەم کانی شادی یە

کە ئاواهەڵ ئەقوڵێ
بیستوتە؟
ئەفسانە و ڕازی کۆن
پڕن لە قسەی وەک “چەند چۆڵ چەند بیابان” ؟
ئێستاکە
تەماشا!
کام چۆڵایی ماوە
کە دەستمان
بە چاوی چەپ و ڕاست
تەقەڵی ڕێی ئاسن
لێکی نەدووریبێ؟
لەم عەرزەی
خاڵ بە خاڵ گوڵدۆزی کراوە
لەم فەرشە بەرینەی بەهاران
کوا شوێنێ
ڕۆخانەی ڕەنج و کار،
جەنگەڵی شاران و گوڵزاری کارەبای
لێ نەشکۆفابێ؟
کام دەریا سەرشێتە
هەزارەها زینی کەشتیمان
خستۆتە سەر کۆڵی
خەیاڵی سەر شێتی بڕیوە!
ئاسمان
ڕوون بێ یان ڕوو گرژ و هەوراویی
ژێر باڵی تەیارەی فڕینمان کەوتووە.
پەنجەمان تا ئەو دیو ئەستێران بردوە.
چنگمان بە کاکۆڵی فەلەکدا کردوە.

لە خەوما
هەر ئەفڕین و ئەم وت:
سەیرکە!
سەراسەر دیمەنی قودرەتە!
لە خەوما
تۆش ئەت وت:
ئەی ئەو دیو نابینی؟
ئەو دیوی ئەم دارستانە خۆشە نابینی؟
نابینی کردەوەی من کردەوەی تۆ
گیرفانی قودرەتی ئەوانەی پڕ بە پڕ خنیوە؟
نا بینی ئەو هێزەی تەفرەقەی من و تۆ
بە وانی بەخشیوە؟
لە خەما
ئەفڕین و تۆ ئەت وت:
ئەو هەموو سەر نێزە نابینی ڕیز بە ڕیز؟
نابینی مەرزەکان کۆمەڵێک زنجیرن؟
هەر وەک تۆڕ ڕوخساری جیهانیان پۆشیوە؟
نا بیستی ئەو دەنگەی کە دەڵێ:
ئەم ژنە، ئەو پیاوە
ئەم کوردە، ئەو عەجەم
ئەم ئێران، ئەو تووران
ئەم ڕەشە ، ئەو سپی
ئەم فەلە، ئەو جووە، ئەویتر موسوڵمان؟
پاشانیش ئاخێکت هەڵکێشا و
وتت پێم: ئەمانە شمشێرن پەیکەریان لەت کردووین
ئەمانە زنجیرن دەست و پێی پەت کردووین
ئەمانە دیوارن ڕێ دەستی لێ گرتووین!

لە خەوما وتم پێت:
دەی ئێمە خواوەندی جیهانی ئاوەدان،
ڕام کەری دەریای شێت،
ئاسمانی بێ ئەو پەڕ،
فەلەکی بێ کەران،
ئێمەی خزری زیندوو
کە ئەچینە هەر کوێ
گوڵزاری ژیانە لە ڕەنجمان ئەشکۆفی
گوایە بۆ نەتوانین
ئەم شمشێر- زنجیرە دیوار
بشکێنین،
هەڵبڕین،
یەک سەر بی ڕووخێنین؟
لە خەوما
دەستم لە دەستت نا
هاوپەیمان بووینەوە
لەم ڕۆدا
لەم ڕۆژی ڕەمزەدا بڕیار دەین:
بەسیەتی برسیەتی و تەفرەقە و نەگبەتیی!
وەختیەتی وشیاری و هاو پشتی و یەکیەتی!