لە سەدەمین ساڵیادی شۆڕشی ئۆکتۆبردا:

چەند ڕۆژێک پێش ساڵیادی سەدەمینی شۆڕشی ئۆکتۆبر، ئەم گفتوگۆیەم بوو لەگەل بەڕێز لاوژە جەواد، لە سایتی “هاوپشتي”. ئێستاش، وێڕای سپاس لە “هاوپشتي”، دووبارە، لێرەوە، بڵاوی دەکەمەوە:

١٠ی نۆڤەمبری ٢٠١٧

 پرسیاری ١:

سەد ساڵ بە سەر شۆڕشی  ئۆکتۆبەردا تێپەڕی.

دوای سەد ساڵ لە تاقیکردنەوەی مێژوویی شۆڕشێکی کۆمەڵاتی،  ئایدیای شۆڕشی کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێری چ جێگەیەکی لە خەباتی جەماوەری هەیە؟

ئەگەر مەبەستمان لە خەباتی جەماورەري، بزووتنەوەی کارگەري بێ، دیارە، خۆی پرۆسەی شۆڕشی کۆمەڵایەتيە! خۆی، بزووتنەوەیەکە بۆ کۆتایي هێنانی، نەک هەر سەرمایەداري، بەڵکوو، کۆتایي هێنان بە هەموو مێژووی چەوساندنەوە و ستەم؛ ئەمەش، بەبێ  وەلا نانی دەسەڵاتی چینی سەرمایەدارو بەبێ لابردنی ئەم نیزامە حاکمە، واتا: بەبێ شۆڕشئ کۆمەڵایەتي، بەدي نایەت. پێویستە، جەماوەر، کە هەر ئێستا لە مەیدانن، وشیارانەتر ڕووبکەنە ئامانجی ئازادي و بەرابەري و پێویستە پرسی دەسەڵاتی سیاسي بکەنە ئامانجی خۆیان. شۆڕشی کۆمەڵایەتي، بەمەعنای کێشانە خوارەوەی چینی سەرمایەدار و دەسەڵات گرتنە دەستی خۆ، دیارە جیگایەکی سەرەکي هەیە، لەم پرۆسەیەدا.

ئەگەر مەبەست لە خەباتی جەماوەري، خەباتی جەماوەرێکە کە کەم یا زۆر خۆی بە ئاسۆی هێشتنەوەی نیزام ی سەرمایەداريیەوە بەستووە، وەک ناسیۆنالیسم و وەک فاشیسم و وەک ئیسلامی سیاسي، ئەبێ نەکردنی شؤڕشی کۆمەڵایەتي، بۆ ئەوان ئامانج بێ؛ مەبەستی ئەوان درێژەدانە بەم سیستەمە، چ بەم جۆرەی ئێستا، یان بەجۆرێکی تر.

ئەگەر ئێمە لە مەیدانی خەباتی سیاسيدا، ئێستا سەروەر نین و سیاسەت و بەرنامەی ئێمە، واتە: شؤڕشی کۆمەڵایەتي، نەبووە بە ئاسۆی جەماوەرێکی بەرین، موشکیلی ئێمەیە و دەبێ ڕێگای بۆ خۆش کەین.

 

دەنا، خەباتی جەماوري لە خۆیدا، پیرۆز نیەو دەتوانێ لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتيدا بێ. بزووتنەوە ڕاست و فاشیستيەکانیش، خەباتی جەماوەري دەکەن؛ هەروەها ناسیۆنالیسم، ئیسلامیسم و داعەش! بزووتنەوەی رێفۆرمیستیش، کە خۆی دژ بە شۆڕش کردنە، ئەویش بزووتنەوەیەکی جەماوەريیە.

ئەگەر باسی شۆرشی ئۆکتوبرە، ئەبێ مەبەست لە خەباتی جەماوەري، خەباتی کۆمۆنیستي بێ! بزووتنەوەی چینایەتي و دژ بە سەرمایەداري چینی کرێکار کە بەرەو ئاسۆی سۆسیالیسم دەڕوا؛ ئەم بزووتنەوەیە کە هێزی بزوێنەری شۆڕشی ئۆکتۆبەر بووە، ئێستاش، خۆی بۆ شۆڕشی کۆمەڵایەتي لەوچەشنە ئامادەدەکا. بۆ ئەم بزووتنەوەیە، شۆڕشی کۆمەڵایەتي، بەردەبازێکە لە نێوان کۆمەڵگای سەرمایەداري و کۆمەڵگای سۆشیالیستيدا.

بزووتنەوەی وشیارانەی چێنی کرێکار، لە مەیدانێکی بەرفرەواندا، لە ناوچەیەک، لە وڵاتیەک، یاخود لەئاستێکی نێونەتەوەیيدا، تەنانەت لە پانایي جیهان، یەکدەگرن، بەهێزدەبن و دەسەڵاتی کۆمەڵایەتي لە دەستی بۆرژوازي دەردێنن. سەرەنجامیش کۆمەڵگایەکی نوێ، لەسەر ئەساسی کاری کۆمەڵایەتي و بەهرەمەندي گشتي دادەمەرزینن! جیهانێکی مۆدێڕنی لەم چەشنە، بەسەریني بۆرژوازي، بەدي نایە؛ بۆیە، دەبي دەسەڵات لە دەستی کۆمەڵانی خەڵکی ڕێکخراو و شۆڕشگێڕدابێ و بەرنامەی چینی کرێکار بەڕێوەبەرێ.

بۆیە، کردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتيەکەمان بە ئاجیندای کۆمەڵ، خۆی، بەشێکە لە خەباتەکەمان دژی بزووتنەوەکانی بۆرژوازي، چ بۆرژوازي حاکم و چ ناڕازي، کە دەیانەوێ شۆڕشی کۆمەلایەتي لە ئاجیندای کۆمەڵ لابەرن!

ئەم شۆڕشە، لەناوەرۆکی خۆیدا، مەعنای گۆڕینی چینی دەسەڵاتداری کۆمەڵ و گۆڕینی شێوەی بەڕێوەبردنە؛ شۆڕشێکە کە پێویستیش ناکا خوێناوي بێ. گەرچی مێژوو پێمان دەڵێ کە بۆرژوازي، دەست ناپارێزێ و پێش ئەوەی ناچاربێ دەسەڵاتی تەسلیم بکا، خوێن دەپژێنێ بە ئاڵ وگۆڕەکەدا! مەگەر ئيمە بتوانین هێزێکی یەکگرتووی گەورە پێکبێنین کە بتوانێ هەم بۆرژازي لەدەسەڵات دابەزێنێ، هەم پێش بە توندو تیژي بۆرژوازي بگرێ، ئەوکات، بێگومان ئاڵ وگۆڕەکە، بێ خوێن و بێ کوشتار و بێ وێراني، دەگاتە ئەنجام.

بۆیە، ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتيانەی کە لەنێوانی ئەم دوو بزووتنەوەی گەورەی بۆرژوایي و کارگەريدان، ئەوانەی لە توندوتیژي دەچڵەکێنەوە، ئەبي بزانن کە کاتێک لە توندوتیژي دەپارێزرێن کە پشتی ئێمە بگرن و بەمجۆرە، سەرچاوەی ئەو توندوتیژيە، واتە: بۆرژوازي، بخەنە تەنگەلانەوە، تا ئەم شۆڕشە، ئەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە، بە بێ کوشتن و خوێن ڕشتن، نیزامی کۆمەڵ بگۆڕێ و سیستمێکی ئینساني و ئازاد و بەرابەر پێکبێنێ.

کورتی کەمەوە، شۆڕش، بەمەعنای گۆڕینی دەسەڵات و گۆڕینی بەرنامەی کۆمەڵ، ئێستاش و هەتا دابەزاندنی بۆرژوازی لە دەسەڵات، پێویستيەکی ئەم ئاڵوگۆرەیە.

پرسیاری ٢:

شکست و پاشەکشەی شۆرشی ئۆکتۆبەر، لێکدانەوەی جۆراوجۆر و جیاوازی لەسەرە. ڕای ئێوە لەمبارەیەوە چییە؟

یەکێک لەو لێکدانەوانە، لێکدانەوەکەی ئێمەیە؛ بزووتنەوەی کۆمۆنیسمی کارگەري، لە هەشتاکان و سەرتای نەودەکاندا، لە وەڵامی ئەم پرسیارە نزیک بووەوە! ئێمە، ئەوکات، بۆی چووین و روونکردنەوەیەکی ماتریالیستی-مێژوویيمان دەستپێکرد؛ بەڵام بەبڕوای من، ئەو بۆچوونە، هەرچەند لە درووستترین لێدانەوە نزیک بووەوە، بەڵام بە سەرەنجامێکی تەواو ڕوون و ڕاشکاو نەگەیەئشت! بە سەرەنجامێک نەگەیشت کە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی کارگەري لە جیهان دڵنیا بکاتەوە کە دەتوانین پێش بە هەڵەی لەوجۆرە، لە شۆڕشی داهاتووماندا، بگرین و نەهێڵین رووبداتەوە!

من لەگەل سەرەتای ئەوباسە هەم کە هۆی شکست هێنانی شۆڕش، پرۆگرامێکی ئابووري ناسۆسیالیستي بوو کە کاری کرێگرتەی نەسڕیەوە و بەپێچەوانەوە، ڕێی بۆ ئابووريیەکی سەرمایەداري پیشەسازي رووسي تەخت کرد.

بەڵام هێشتا جێی پرسیارە: ئەم پرۆسەیە، چلۆن چووەپێش؛ چ بکەین کە ڕوونەداتەوە؛ لە کەیەوەو چلۆن بۆرژوازي دەسەڵاتی گرتەوە؟… و …

خۆم هەندێک کارم لەسەر ئە م پرسانە کردوە و پێم وایە دەستووری ١٩٣٦ی سۆڤیەتی ئەوکات، ئیتر ڕاگەیاندنی دەسەڵاتی بۆرژوازیەو پرۆسەی ئەم گەڕانەوەی دەسەڵاتە لەوێدا بەسەرەنجام گەیشتووە! گەیشتنە ئەنجامی ئەم شکستە، لە کزبوونی ئەوکاتی بزووتنەوەی نێونەتەوەیي کارگەري دەوەشایەوە، کە نەیانتوانی یارمەتيەکی بەرچاوی ئەو شۆڕشە بدەن. ئەو بۆشایيە، واتە: لاوازي بزووتنەوەی نێونەتەوەیيمان، هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە؛ بۆیە ئەم کێشەیەش هەر بەردەوامە…..

پرسیاری ٣:

شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ئەزمونەکەی، پەیامی ئەمڕۆی بۆ کۆمەڵگای مرۆڤایەتی چییە؟

پەیامی شۆڕشئ ئۆکتۆبەر ئەوەیە کە: ئێمە، وەک چینی کرێکاری شۆڕشگێڕ، شۆڕشێکی سەرکەوتوومان کرد؛ توانیمان، ماوەیەکی گەلێک درێژخایەنتر لە شۆڕشی کۆمۆنە، بیپارێزین و بیبەینە پێش و گەلێک دەرس و دەسکەوتمان لێی هەبوو؛ نیشانماندا کە ئەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتە، بەئێمە دەکرێ؛ کە ئێمە دەتوانین ڕێگای جیهانێکی باشتر، جیهانێکی شاد و ئازاد و بەرابەر کە لەویدا هەموان بە هاوکاري و هاوبەشي، ژینێکی شاد و بەختەوەر بەرهەم بێنن، خۆش کەین! کە ئەمە ئاواتێکی دوورلەدەست نیە و بەخەبات و تێکۆشانی ئێمە، بێگومان بەدي دێ!

بەڵام، روونکردنەوەی ئەم حەقیقەتە بۆ کۆمەڵانی خەڵک، لەپاڵ وشیاري چینایەتي و کۆمۆمیستيدا، پێویستي بە بە ناساندنی میژووی شۆڕشەکانمانە، لە کۆمۆنەوە بیگرە هەتا سەدەی بیستەم و بیست و یەکەم و بەتایبەت، ئەم شۆڕشەی ئۆکتۆبەر، کە پڕە لە ئەزموونی بەنرخ و ڕێنوێن، هەربۆیەش، بووە بە ژێر چەواشەکاري بۆرژوازي جیهانيیەوەو ئەمە ئەرکێکی گرنگە کە ئێمە بتوانین ئەم ئەزموونانە بخەینە روو.

گرنگي بزووتنەوەی نێونەتەوەیيشمان، ئەوەی ناوەتە بەرپێمان کە ئەم بزووتنەوەیە بەرز و بەهێز بکەینەوە. لەڕاستيدا، هۆی گەورەی بەلاڕێداچوونی خەباتی کۆمەڵانی خەڵک لە ئێستادا، نەبوون و کزبوونی بزووتنەوی نێونەتەوەیي و جیهاني ئێمەیە! ئەوەش لە بارمتەی بەهێز بوونی خەباتی دژبەسەرمایەداري کارگەرانە، بەتایبەت لە وڵاتانی مترۆپۆڵ…

ئەم باسە، دەکرێ و دەبێ زیاتر شی بکریتەوە! ئەمە، پرسێکی جیهاني گرینگە کە دەکەوێتە ئەستۆی هەڵسووڕاوانی پێشڕەوی بزووتنەوەی کۆمۆنیستي و ڕەنگە ڕوونکردنەوەی پێویستي بە چەندین کتێب و کۆبوونەوە و… هەبێ….

لێرەدا؛ وەک سەرەتایەک، وەک ئەوەی من تا ئێستا پێی گەیشتبم، دەوری بزووتنەوە کارگەريەکانە لە گەورەشارانی جیهان. پێوەندي ئەم بزووتنەوانە و هاوپشتي گەورەشارەکان، دەتوانێ و دەبێ، سەرەتایەک بێ بۆ هەستانەوەی بزووتنەوەی مەنتیقەیي و بزووتنەوەی نێونەتەوەیي کارگەري!

بزووتنەوەی لێکهەڵپێکانی کارگەري گەورەشاران، بزووتنەوەیک کە بە یارمەتي یەکتر، جوڵانەوە ناوچەیيەکان دەکاتە بزووتنەوەی گەورەتر و نێونەتەوەیي، دەتوانێ گەلێک کاراتر خەباتمان بباتە پێش.

کاتێک بۆرژوازي، سەرباری سەدان دەوڵەت و سپا و هیزی سەرکوتکەر، بە دەیان و سەدان هاوپەیماني و یەکگرتوویي نێو دەوڵەتي و جیهانيشی هەیە، دیارە، ئيمەش بەخەباتی بەرتەسک و ناوچەیي و داخراو لەم شار و ئەوشار و تەنانەت ئەگەر بچێتە پانایي نەتەوەش، ناتوانین باشاری پیلانە گەورەکانی بۆرژوازي بکەین! بۆیە؛ بزووتنەوەی نێونەتەوەیي و گەورەتر لە مانەی ئێستا، پێویستيیەکی ئاشکرایە.

بۆ ئەمەش، روونکردنەوەی زیاتری هۆیەکانی شکستەکەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، پێویست دەکا، بەجۆرێک کە دڵنیایي بدا بە کۆمەڵانی کرێکار لە سەراسەری جیهان کە خەباتی شۆڕشگیڕانەی کرێکاري، دەکرێ و دەبێ بەسەرکەوتن بگا! ئەمە خەباتێکی تیوریکیش دەگرێتەوە…

تیوریەکانی لێنین، ٤٠-٥٠ ساڵێک پاش کارە تیوریکەکانی مارکس، بزووتنەوەی کارگەري کۆمۆنیستي ئەوکاتی هەژاند! ئێستا، سەدساڵ پاش لێنین، سەدساڵی زۆر چڕوپڕتر لەو پەنجا ساڵەی نێوان مارکس و لێنین، زۆر ئاسایيە کە ناڕەسایي تیوري لەئارادا بێ و ئاشکراتریشە کە پێویستيمان بە هەژاندنی نوێی تیوري، هەبێ؛ پێویستيەکە کە دیارە دەبێ شان بدەینە ژێری!

  • زۆر سپاس!