“شیعری دارێنە” کورتەچیرۆک؛ بەسەرهاتی سمایل شەریفزادە؛ ئاخر رۆژی و کارەساتی کۆتایي ژیانی پڕ بایەخی! (فایلی دەنگ) بەدەنگی هاوڕێ حەمەحسەینی کەریمي؛ لەگەل تێکستەکەی!

ئەم چیرۆکەم،

هاوینی ١٣٤٨، بەشوێن خەباتە چەکدارانەکەی کاک سمایل و هاوڕێیانیدا، نووسیوە.

دواتر،

کاک حەمەحسەین کە هاوڕێی نزیکم بوو، ئەم چیرۆکەی لەسەر نەوار خوێندەوە و

تائێستاش، چەند جار لە رادیۆکۆمەڵەوە بڵاو بووەتەوە.

بەسپاسەوە لە ڕادیۆکۆمەڵە کە ئەم فایلانەی بۆناردم.

بەشی یەکەم:

بەشی دووەم:

بەشی سێهەم:

لێرەشدا، دەقی ئەو چیرۆکە، لە گۆڤاری پێشەنگی ژمارە ١٦ەوە دێنم؛ هەندێک هەڵەچنی و گۆڕینی بچووک، بۆ ڕوون و ڕەوانتر بوونی بەرهەمەکە، هاتووە:

شیعری دارێنە

ئاخر سات و کاتی

 هاوڕێم سمایلی شەریفزادە[1]

مصلح ڕێبوار

١٣٤٨/١٦٩

***

پێشمەرگەکان، لەنێو چڕێکەوە، بەرەو ئاوائی، نەرم دەبزوتن؛ شەش کەس بوون، چەکی جۆربە جۆریان پێبوو: بڕنەو و ئیم-یەک و لەم چەشنە؛ بەڵام فیشەکدانی ‌هیچیان پڕ نەبوون!

ئاوایي، نەرم نەرم و بە ئەسپایي، لەپشت تەپوڵکەوە سەری هێینایە دەرێ. ماڵەکان، بە چاوی رەش و نیوە چاوانی گرژ، سەرنجیان دەدان. ئەوان نەدەترسان؛ ژاندارم وئەمنیە پێی نەدەوێران، بەڵام تەنها ئەمنیە دوژمنیان نەبوو. ‌هێزێکی گەورەتریش بوو کە خویان لەگەڵ پێوە کردبوو!

ئاوایي، دەتگوت مەترسی بەسەرهاتی ئەو روڵانەی دەکرد؛ دەتوت بەچاو پرسیاریان ڵێدەکات:::

-ئێوە، بەچەکی رەشؤکەوە، چلؤن لەگەل هەژدیهای حەوت-سەر تێهەڵچوون؟-

 تاقمی پێشمەرگە، هەر نزیک دەبوونەوە. دێ، به دەستێکی سپی (کە جادەکە بێ) ڕوڵەکانی دەگرتەباوەش و زەلام و گرژ، بەپیریانەوە دەهات، روانینی، دڵسؤزي دایکێکی تێدابوو، کە رووڵە نەترسەکانی دەگەل ئەژدیهای حەوت-سەر پێوە کردبێ!

 گەیشتنە سەرکاني؛ گەورە کچێک ئاوی بەپیریەوە بردن. یەکێک لە پێشمەرگەکان، بە زەردەخەندەیەکەوە پرسی: 

 -میوانتان ناوێ؟

-بەخێر ێن سەرچاوی مە؛

***

خەڵک، لە مزگەوت قەرەباڵغیان کردبوو. ئەوە پێشمەرگەیەک دەیەوێ قسەیان بۆ بکات. پێشمرگەکان لەئاوائی قەرەوڵیان داناوە؛ یەکێکیان بە دوو چەکداری دیکەوە، چووەتە مزگەوتێ، دەیەوێ سەبارەت بەم هەڵڵایە قسەیان بؤ بکات. زۆرینەی زۆری پیاوان لەمزگەوت کۆبوونەتەوە، وەک بۆ نوێژێ جومعە چۆن کۆدەبنەوە. خەڵک هەموو دانیشتوون؛ پێشمەرگەکان، لەپاڵ میحرابەکەدا، روو لەخەڵک وەستاون. تفەنگەکانیان پێیە و یەک دوو سێ فیشەکدانیان لەخۆ بەستوە، بەڵام هەموو فیشەکدانەکان، پرنین. پێشمەرگەکان زەردەخەنەیان لەسەر لێوە بەڵام ئەگەر چاک تێفکری، هەروەک فیشەک دانەکانیان پڕنین، دڵیشیان تەواو خۆش  نیە، بەڵام ئەوان لەوە خاراوترن کە وەڕووی خۆیانی بێننن!.

باب و براکانم!

ئێوە رەنگە یەکە-یەکەی ئێمە بناسن. ئەگەر کوڕو براتان نەبین، هێندە لەنێوتان بوین کە بووینەتە کوڕ و براتان.

سمکۆیە قسان دەکات؛ شورەلاوێکی چالاک؛ هەر لەخۆی دەهات چەک و فیشەکدان هەڵگرێ. دەیانگوت خەڵکی سابڵا‌‌غە و خویندنی لە زانکۆی تاران تەواو کردوە. وابەکوردییەکی نیزیک بەدڵان قسەی دەکرد، دەتگوت هەر لە منداڵیەوە لەم ناوچەیە گەورە بووە. کاتێک لەباسێک دەی کۆڵییەوە، نەرم نەرم و دانە دانە دەدوا، بەڵام کاتێک باسی دەهێنایە سەر شۆڕش و ڕاپەڕینی خەڵک دژی زوڵم و زۆر، چەشنی هەور دەیگرماند:

هەر ئەم گوندەی ئێوە، هەژار و دەوڵەمەندی تێدایە؛ هەروها بگرە کوردەواریش؛ ئەوەتا ئاغای هەیە، حاجی مەحمودی هەیە، حاجی شاتري هەیە کە دەوڵەمەندن؛ کرێکار و فەلاشی هەیە کە هەژارن. لە هەموو ئێرانێدا وایە، تەنانەت دنیاش، بەڵام هەروا نامێنێ.

زۆرداران دەڵێن: ئەو قامکانەی دەست وەک یەک نین. خۆدا خۆی، خەڵکی وەک یەک دروست نەکردوون. یەکێک لە نێو چاوی نوسراوە هەژار بێ، یەکێ رزقی زۆری لە خواوە بۆ حەوەاڵە کراوە! بەڵام ئەمنیش و ئێوەش دەزانین کە ئەو قسانە هەموو درۆن. ئەواتا حاجی حەمە دۆم، لەپێشدا دەوڵەمەند نەبوو. تێی هەڵچو، بۆی رێک کەوت؛ دەوڵەمەند بووەوە.  بۆ ئەوەش پئێ نەڵێن دۆم، بۆێ چووە حەجێ، بەڵام ئێستاش هەر پێێ دەڵین “حاجی حەمە دۆم” (خەڵک پێ دەکەنن). یان حاجی سەعە، بە گەنجی شوان بووە. ئێوە چاکتان لە بیرە، پێێاندەکوت سەعە رەش، یان تەنانەت ئاغاکانیش ئەگەر بە بنەماڵەکانیاندا بچیە خوارێ بابە-گەورەیان، شوانە یان گاوانە. بابە گەورەی شێخێ هەورامانێ کۆێخا بووە (دوو-سێ کەس، بۆ یەکتر دەڕوانن)

***

خەلک، وەک ئەوەێ لە نوێژی جومعە بن، بێ دەنگ گوێ دەدەنێ. گەنجەکانێش هاتوون و دانیشتون و بەسەرەنج و کەیف خۆشیەوە گوێ دەدەنێ. دوو سێ کەس پیاوی پیری پشتێن زەرد کە زۆر ڕووخۆش نین، هەر دەڵیێ بێگاریان پێ دەکەی؛ جار-جارە سەرنجی درگاکە دەدەن. برێکیان زۆرچاک گوێ دەدەن، برێکیشیان دەترسێن. لەترسی تفەنگ و پێشمەرگەکان لێرە کۆوە بوون؛ لێرەش لە تفەنگی ئەمنیە دەترسێن!

سمکۆ لەسەر قسەکانی دەڕوا:

 حاجی مەحمود و حاجی شاتریش، هەریەکە لەبەر مەسەلەیەک دەوڵەمەند بوون؛ هیجیان کە ئاسمانەوە بۆیان نەباریوە. ئەوان بەسود و سەلەم و بازرگاني قاچاغەوە، تەنانەت بە کاسبي حەرام، دەوڵەمەند بوونەوە؛ ئەم هەموو سەرەت و سامانە، پێشدا چ بوون؟ لە پێش هەموو شتێکدا کاری کرێکار و فەلا، کاری هەموومان، پێکی دێنێ؛ لە بەرهەمهێنانی زەوی و زارەوە بیگرە، هەتا ماڵی سێ-قات و هەر بەرهەمێکیتر، دەستڕەنجی ئێمەمانانە! ئەوان بەڵام، یان بە فێڵ یان حیلەی شەرع یان هەر بە زۆر لێمانی دەستێنن. چەند کەستان مانگا و مەری، لەجیاتی قەرز، داوەتەوە بە حاجی مەحمود؟ یان هەموو خەرمانەکەی، ئاغا، لەبری قەرز و زەکات بردوویەتی؟؟

ئەوە زوڵمە!

هەموو کێشەیەکی کۆمەڵ لەسەر ئەو زوڵمەیە و کێشەی هەژار و زۆردارە! بگرە نێوان ناخۆشی ژن و مێردیش و هەموو کێشەیەک، لە گەورەوە تا چوک، ئەگەر چاک تێ-فکری، هەر دەرواتەوە سەر ئەو کێشەیە

کوردەواري خۆمان دەڵێ:

– هەموو شتێک لەباریکیدا دەپسێ؛ زوڵم لە ئەستووريدا!

هەڵبەت، دەبێ بۆخۆمان زۆری لێ بکەین هەتا بپسێ!

 هەمووتان چونەتە شار و شکایەتیان کردوە و نێو ئیدارەکان هوموو چوون و دەزانن کە ئیدارەی دەوڵەتیش غەیری بۆ دەوڵەمەند، کارێک جێ-بەجێ ناکا؛ ئەگەر ئیوە باجی ساڵانەی زەوی نەدەن، جەندرمە بەزۆری ڵیتان دەستێنێ! ئەگەر سوودی قەرز نەدەنەوە، هەروەتر؛ قەرزی بانکیش نەدەنەوە، ماڵەکەتان هەراج دەکەن. بۆ هەموو کارێکی بچووکیش، بەرتیل، هەر دەبێ بدەن. دەوڵەت هەر بۆیە دروست بووە، کە بەزۆری تفەنگ بێ دەنگتان بکا

ئەگەر داوای قوتابخانە و دکتور و رێگاوبانیشتان کرد، وەڵامتان نادەنەوە. هەمووتان کە بیرەوەري خۆتاندا، ئەوەتان زۆر لەبیرە و دەزانن کە دەوڵەت، سەربە دەوڵەمەندانە؛ لە دەوڵەمەندی تاران و هەندەرانەوە بیگرە هەتا حاجی شاتري و ئاغاکانی ئەم وڵاتەش! ئەوەتا وشەی دەوڵەت و دەوڵەمەند، هەر وەک یەک دەچن. هەڵبەت ئاگاشتان لێیە، کە کوردەواري زۆڵمێکی دیکەشی لێ دەچێ؛ کوردەواري بۆ خۆی، حوکمەتی نیە. رنگە بڵێین ئەگەر دەوڵەت نۆکەری دەوڵەمەندانە هەر نامانەوێ؛ بەڵام ئەگەر نۆکەری دەوڵەمەند نەبێ، بەڵکو خزمەتکاری هەژار بێ، ئێدی خۆ چاکە!؟

 جا، باب و براکانم لەبەر هەموو ئەوانە، ئێمە چەکمان هەڵگرتوە. چەکمان هەڵگرتوە کە ئەو دەوڵەتە بڕووخێنین و لەسەر کەلاوەکەی، دەوڵەتێکی دی ساز بکەین کە هەژار تێیدا سەرداربێ، کرێکار و جوتیار حوکمیان بە دەست بێ و کوردەواریش تێیدا بەش خوراو نەبێ. ئێمە زەوی و زار و ماڵ و دەوڵەت لە چنگی دەوڵەمەند و ئاغا دەردێێنین و دەیدەنیەوە بە خاوەنی خۆی؛ بە خەڵکی زەحمەتکیش، کرێکار و جوتیار؛ چونکە هەموو دەستکەوت و داهاتێک، هەتا لە بن زەوی دایە، موڵکی کەس نییە. لەگەڵ هاتنەدەرێ موڵکی ئەو کەسەیە کە کار دەکات و عارەق دەرێژێ بۆ ‌هێنانەدەری ئەو داهاتانە!

رنگە پێشتان سەیر بێ ئێمە بە سەد چەکی ڕەشۆکەوە و دەوڵەت بە تۆپ و تەیارەوە، چۆنمان پێدەکرێ؟ ئەما دەوڵەت تۆپ و تەیارەی خۆی، بە داهاتی دێهات و شار و هەموو وڵات دەبا بەرێوە. دەوڵەت سەرباز و ئەمنیە و جاش لە ئێوە دەگرێ و شەریان پێدەکات. سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێکی دەوڵەت ئێوەن! خەڵک! هەموو خەڵکی زەحمەتکێش! ئەگەر هەموو خەڵک کە ئێمەش رۆڵەی دڵسۆزیانین یەک کەوین و پێکەوە خەباتی چەکدارانەمان بەرێوە بەرین، دەوڵەت بەورێکی پەڕۆینەیە، کە هەر بەیەکەم هەڵمەت، تێکی دەشکێننین. ئێمە، هەموو خەڵک، خەڵکی خەباتکار، ئەگەر هەموو پێکەوە پێ لە عەرزی بوکتین، گەورەترین بوومەلەرزە دەخەینە وڵاتەوە، کە قەڵاێ دوژمن دەروخێنێ! کێ ئەو هەموو دەستکەوتە پەیدا دەکات؟؟ کێ چەرخی هەموو دنیا هەڵدەسورێنێ؟؟ کرێکار و فەلا و هەموو خەڵکی ڕنجدەر. ئەگەر ئێمە هەموو پێکەوە، بگرمێینین، هەورە-تریشقەیەکە هەرە بە سام کە دوژمن دەکات بە زوخال! هەناسەی سینگمان گەردی دوژمن بە با دەدا! ئێمە خەڵکی خەباتکار کە ئیمان و بروامان هەیە بە هێزی خەڵک و چەکمان هەڵگرتوە، هەتا هەتایە بروامان وایە کە هێزی خەڵک بەحرێکی بەر بەرینە بنەی نایە و هیچ هێزێک باشاری ناکا! وەک سۆفی و موریدان کە موریدی شێخن، ئێمە موریدی خەڵکین؛ وەک شێخان موریدی خودان، ئێمە موریدی خەڵکین؛ خەڵکی خەباتکار، خەڵکی ڕەنجبەر!

پاش قسەکان، بڵاوەی لێدەکەن و سمکۆ و برادەران، دەبنە میوانی ماڵێک؛

پیاوی خاوەن ماڵ:

–ئەی بەقوربانی دەمت بم. کاکە، بەسەری سەیدی زەنبیلی، قسەکانت وەک ئایەتی قورئان وابوون. بەدڵەوە دەنووسان.

ژنەکەی:

-ئەرێوەڵلا، لەدەوری سەرت گەرێم، بەخودای نوورت لەنێو چاوان دەباری. ئیشەڵڵای خێرم بە خودا کردبێ بەمراد دەگەن.

سمکۆ دەڵێ: “بەمراد دەگەین”؛ مرادی ئێمە، مرادی ئێوەیە!.

پیاوەکە پێی وایە ژنەکەی قسەیەکی کردوە سمکو دڵگێر بێ دەڵی:

-ئەتۆ چەقەی مەکە، نانی بێنە، خودا دەزانێ، لە کەنگێوە نانیان نەخواردوە.

سمکۆ: مامە گیان، ئێمە قەد ڕەزا بە عەزێەتی ئیوە نین. نان و دۆیەکمان بدەنێ؛ هەر بەری دڵمان بگرێ.

خاوەن ماڵ: ئێ قوربان لەسایەی سەری ئێوەوە، شکور هەموو شتێک هەیە؛ مریشکم کوشتوەتەوە. حەیف نیە ئێوە نەێخۆن ئەمنیە بیخوا! ئەوە فەرمایشتە؟

بەڵی فەقیرین، بەڵام قەدری میوان هەر دەگرین.

سموکۆ (بە پێکەنینەوە): بۆ پێم دەڵێی قوربان؟ ئەمن وەک حەسەنی برا بچووکت وام. هەر لەتەمەنی ئەویشدام. پێشت بڵێم، ئێمە فەقیرمان لابەڕێزترە لە ئاغا و ماغا.

نانیان هێنا؛ سمکۆ زانی ئەگەر دیسان باسی خەرج و عەزیەتی شێوەکە بکرێ، کابرا پێی ناخۆش دەبێ لەبەر ئەوە خێرا، قسەی چوو بۆ پێداهەڵدانی نان و خوانەکە؛

—  دەستەکانت خۆش بێ خوشکێ، وەبیرم نایە لە سابڵاغیش و لە ماڵە خۆشمان نان و خوانی هیندە خۆشم خواردبێ!

ژنە، دڵی پڕ بوو، دەنگی لەرزی:

– داخوڵا دایکتان ئێستا چەندە چاوەرێتان بێ؟! رەبی ئەمن کوێرایم دایە.

فایدەی نەبوو؛ تیکەی هەوەڵیش بەگەرووی سمکۆدا خۆش نەچووە خوارێ. بیری دایکی کەوتەوەو سابڵاغ، چاوی هەروا ماق ما بەنانەکەدا، سمکۆ دەماخی نەبوو،

لەماڵێکی دیکە، دوو پێشمرگە لەوێ میوانن؛ یەکێکیان “کوێخا شەریف”ە و لەکاتی نان خواردندا، چووەتە خەیاڵاتەوە. دەوڵەت قەولی داوەتێ؛ بەمەرجێک یان سمکۆ بوکوژێ، یان بە جۆرێک، ئەو و هاررێکانی بخاتە نێو تەڵەی جەندرمەوە، دەهەزار تمەنی بەخشیش بدەنێ؛ ئەویش بەو هیوایە، هەر لەوەی دەگەڕێ هەلێکی باشی دەست بکەوێ و دایم لە خەیاڵی پووڵەکە و خەیانەتەکەی خۆیدایە.

دەهەزار تەمەنم دەدەنێ؛ تەراکتۆری پێ دەکڕم، کرێ-کێشي پێ دەکەم؛ دەمکاتە پیاو!

خەڵکی ئاوایی، یەک یەک و دوو دوو، دەهاتنە لای سمکۆ. فەلایەکی پیر، قەننەکەی بەدەمەوە، هەر سەرنجی سمکۆی دەدا و حاجییەکیش، چووبووە لای ژوری مەجلیس. یەک دوو جەحیڵیش دە مەجلیسەکەدا بوون؛ چاوەڕوان بوون سمکۆ چایەکەی بخواتەوە قسان بکا

ئاخری، خاڵی قەننەکێش خۆی پێ-ڕانەگیرا و زاری بە قسان کردەوە:

-وەڵلا میرزا هەچەن بێ-عەدەبیشە، بەڵام لێم حاڵی نییە؛ ئێوە، چۆناوچۆن بە دەوڵەت تان وێراوە!؟

سمکۆ دەڵێ:

– خاڵە گیان؛ لە مرگەوتێ باسم کرد؛ ئێمە، پشتمان بەئێوە بەستووە و هیوای بە هێزمان، بە ئێوەیە

حاجی:

– جا چاکە ئەوە دە ئەمنیەشتان کوشت؛ خەیاڵەو دەیکەن! ئێوە چۆن وەسەر دەکەون؟ خەڵک تازە دەوڵەمەند بوونەتەوە؛ وەدووتان ناکەون

قەننەکیش:

– نەوەڵلا؛ قور-بەسەر و ماڵ-وێران ماوینەوە، بەڵام شتێکە دەوڵەتەکەش باشاری ناکرێ. بەحرە و لێێ کەم نابێیتەوە!

سمکۆ:

– ئەگەر شۆرش هەموو وڵات داگرێ و لە هەر لایەکەوە دوژمن پێ دابنێ پێی بە بڵێسەی ئاگری خەباتی خەڵک بسووتێ، ئەگەر ئەو دەریایە، هەر لێی کەم بێتەوە و نەچێتەوە جێی؛ ئەگەر هەموو خەڵک بکەونە هەوڵ، ئێنجا ئەوبەحرە وەک حیکایەتی دێوەکە ئەگەر بەحرەکەی خواردەوە بۆ حەزرەتی سولەیمان، دەریای دەوڵەت، دەبێتە دەشتێکی ئیشک و بەربەرین، بە تەراکتۆر بیکێڵی؛ بیکەیە بێستان و بەهاروو!

فەلای قەننەکیش، (نێو چاوانی کراوەتەوە بە ئیشتیا گوێ داوەتە سمکۆ):

– جا کوا؟! ئەگەر ڕۆژێکی وا بێ، هەموومان قۆڵی لێ هەڵدەماڵین! ئەو سەگبابانە هەر گوتیان دەبنە خاوەن زەوی؛ دەی کوا؟! ئێمە پێمان وابوو ئاغا و زۆردار نامێنێ و تۆویان لە سەر زەوی پاک دەبێتەوە؛ پێمان وابوو دوکتور و دەرمان زۆر دەبێ؛ قەندو چا و برینجمان بۆ دێننە نێو ماڵان!! موختەسەر، وادەی زۆرمان بە خۆمان دابوو، کەچی هەموو خەون و خەیاڵ بوو. پێرارێ، ئاغا، زەویە گەورەکەی ئەوبەری چۆمی لێم بری بۆ “خالیسە”[2] ئێستاش دیسان بەشی دەکاتەوە، بەشێکی دی لێ هەڵدەگرێتەوە؛ بۆ ئەوەی، بەخێر، باقیمان پێ بفرۆشێتەوە؛ وەڵلاهی ئێدی یەکجاري کوڵەوار دەبم!

کوڕێکی گەنج کە هەر دەجووڵایەوە تا نۆرەی قسەی بێ، بە پەلە گوتی:

-کەستان ناوێ دەگەڵتان کەوێ؟

سمکۆ زۆر بە ئێشتیا گوێی داوەتە خاڵی قەننەکێش، رووی کردە کورە گەنجەکە و هەناسەیکی هەڵکیشاو گوتی:

– وەڵلا کاکە گیان، چەلێ، ڕێک و پێک دەبین، بەینێکی دی پێ بچێ، پێلاوت دەنینە سەر چاومان.

فەلای قەننەکێش سەرنجێکی حاجی دا و چاوێکی بە مەجلیسدا گێرا و بە ئاشکرا ترسا!

خاوەن ماڵ:

– دەی کاکە؛ لێرە جێگاتان بۆ ڕاخەم یان لە کوێ، دەفەرموون؟!

سمکۆ دەڵێ:

-عەرزت دەکەم؛ هەروا ڕادەکشێین… پێش ئەوەش وڵات ڕووناک بێ، دەڕۆین!

پاشان، ڕووی کردە ‌هاوڕێکانی و گوتی:

– کاک شەریف قەرەوڵ بی!

شەریف، چاوی وریشایەوە؛ محەممەد، ڕوانییە شەریف و ڕوانییە سمکۆ.

شەریف، قەرەوڵە!

. وەختی خەو، دەوریان چۆل بوو. سمکۆ خەوی لێ نەدەکەوت، دوو هاوڕێیەکەشی بێتاقەت بوون

یەکیان گوتی:

-ئەرێ بۆ ئەو لاوەت رێ نەدا دەگەڵمان کەوێ؟

سمکۆ (بە توورەییەکی هاورێیانەوە تێیدەرانی و): ئەوە تۆ دەڵیی چی؟

مەسەلەی کوردی دەڵێ: رێوی دە کونەوە نەدەچوو، گەسکی بە کلکی خۆیەوە دەبەست!

هاورێکەی:

– زۆر خەمباری؛ ئەوە چتە؛ سمکۆ؟!

-کاکە بۆیە ناڵێم بترسین، بەڵام دەبێ ئاگادار بین و لێمان تێک نەچێ؛ پاش مانگێک، ئەوە یەکەم کەس بوو دەیکوت دێمە نێوتان. دەی، چەک لە کوێ ڕا بێینین؟! فیشەکدانی خۆمان پڕنین. دەبێ چاک لە خۆمان ورد بینەوە و کەم و کووڕییەکانمان چارەسەرکەین؛ هەروەک لە مزگەوتێ گوتم؛ دەوڵەت مەکینەیەکی دژ بەمرۆڤەو وەک ئەژدیهای حەوت-سەر لە هەموو شاران و هەموو دێیەکی، بنکەو پەلی هەیە و هەموو بە جارێک خەریکی ئێشن بۆ یەک مەرکەز، بۆ تاران. ئەو دەوڵەتە کە تیێ-هەڵچووین ئەگەر حەوت سەری هەبێ، شەش سەری خەریکی پاراستنی خۆێ و رووتاندنی خەڵکە، تەنها سەرێکی خەریکی چەند کارێکە و وەک نەخۆشخانە و قوتابخانەی نیوە و ناتەواو، بۆ ئەوەی خەڵک کاری شەس سەرەکەی دی لە بیر بەرنەوە! وەک گوتیشمان، دەولەت بەورە-پەڕۆینەیە؛ بەڵێ، بەڵام بەرانبەر بە هێزی خەڵک وایە؛ ئایا هێزی خەڵکمان لە پشتە؟

خەڵک پێیان خۆشە پشتیوانمان بن، بەڵام نازانن چۆن یارمەتیمان بدەن، دەولەتیش چاک دەزانێ چۆن لەگەڵمان بەشەڕ بێ؛ وەکو ماسی چۆن لە ئاوی دەبرن، دەیەوێ ئێمەش لە خەڵک، دا-ببڕێ! شۆڕشی وڵاتەکانی دیکەشی لە بەرچاوەو دەترسێ!

-هاوڕێکەی:

– بەم حیسابە، رێمان بۆ هیچ کوێ نابێ؟!

سمکۆ:

– بڵێم چی کە لەمێژتر نەم-گوتبێ؟! دەبێ زۆر قایم خەریکی بین. دەبێ ڕێکخراوێک دروست بکەین؛ من پێی دەڵێم “مەکینە”؛ مەکینەیەک کە لە هەموو شارێکی، لە هەموو دێیەکی بنکەی هەبێ؛ پەلی هەبێ… ئەگەر ماڵی ئاغا پەلی دەوڵەتە، ماڵی رەنجبەر و فەلاش پەلی ئێمە بێ؛ ئەگەر دەولەمەندی شار جێ پێی دەوڵەتە، کرێکار و هەژاری شاریش پەنای ئێمە بن، ئەگەر دەوڵەت و دەوڵەمەند و ئاغا دەستیان لە دەستی یەک ناوە و بە تەواوی پشتیان بە یەکتر بەستوە، کرێکار و جوتیار و ئێمەش، دەبێ دەست لە دەستی یەک نێێن و بە تەواوي پشت بە یەکتر ببەستین. مەکینەیەکی وا ساز بکەین کە هەموو خەڵک بتوانن بە هۆێ ئەو مەکینەیەوە یارمەتیمان بدەن و یەکبگرن و ئێمەش بە تەواوي لەگەڵ هەموو زوڵم لێکراوان ببینە یەک!

‌هاوڕێکەی:

-ئەو هەموو خائینانەی لە شارن، ئەو هەموو جاشانەی نۆکەری حکوومەت لە دێهات، ئەی ئەوانە چی؟؟

سمکۆ: جاش، پەلێکە لە مەکینەی دەوڵەت، ئەگەر ئێمە پەلمان بردە نێو جەرگی خەڵک، ئیدی هیچ هێزێ باشارمان ناکات، ئەو هەژارانەی هەڵخەڵەتاوان و بوونەتە جاش، بەو مەرجەی ئێمە پەلمان ببەینە نێو جەرگی خەڵک، ڕایاندەکێشێن بۆ نێو خۆمان. بەو مەرجەی ئێمە و خەڵکی هەژار و زەحمەتکێش یەک-بگرین، ئێدی هیچ هێزێک باشارمان ناکات. پێم وایە دەردی گەورەمان هەر ئەوەیە؛ ئێمە لەو ناوچەیەدا وەک زینداني کرابین، وایە. مەکینەکە، ئەوەش جێ-بەجێ دەکات. ریشەی هەموو سەرنەکەوتنێکمان ئەوەیە، جۆگەلەمان نیە هێزی خەڵک ئاژین بکەینە سەر مەزرای خەبات؛ خەباتیش ئەگەر هێزی خەڵکی لێ بڕا، وەک مەزرای بێ-ئاو دادەمرێ و سیس دەبێ.

هاوڕێکەی:

– لێرەشەوە هیچمان پێ ناکرێ؛ گەمارۆ داروین؛ لە خەڵک جوێ بووینەتەوە؛ لەوێندەرێ، بەجومعەی جارێک، دەتوانین خەڵک کۆ بکەینەوە، ئێستا بەڵام، ئێمە کەمین؛ بێ-سامانین؛ تەنانەت خوێندەوارانیش لێمان ناپرسن!

سمکۆ:

– قسەی وانم بۆ مەکە؛ پرتەقاڵ دەخۆن و باسی کوردایەتي دەکەن؛ ئەوان خائینن؛ هەموو خۆێندەوارێک ناڵێم. ئەمن بۆخۆم نە کرێکارم نە فەلا، بەعزە-خۆێندەوارێک، دڵسۆزیشن، بەڵام گەڵێکیان، رێگای خۆی لێ ون بوە. دەوڵەتیش وەک ئەژدیهاک وایە لە تەختی شیوێک ڕاکشابێ؛ هەر خۆێندەوارێک، رێگای لێ ون بێ و بخزێ، دەکەوێتە گەرویەوەو بە ڕێی خەیانەتدا دەچێ، بەڵام ئەگەر ئێمەش مەکینەمان ببێ دەتوانین زۆربەیان بەلای خۆماندا بکێشین.

-هاورێکەی: دەی ئێستا دەڵێی چ دەکرێ؟

سمکۆ:

– پێم گوتی؛ دەست-بەجێ ناتوانین هەموو شتێک ساز بکەین؛ ئەم ڕێکخراوەیە، دەبێ هەموو خەڵک سازی بکەن؛ با تاقمە پێشڕەوەکان، وەپێشکەون، وردەوردە خەبات تیژتر ببێتەوە و ئەم رێکخراوەیە ساز بێت؛ ڕێکخراوێک کە چینی کرێکار بیبات بەڕێوە و لەسەر قازانجی هەموو خەڵکی زەحمتکێش تێ-بکۆشێت!

-هاوڕێکەی:

– ئەوەش بۆ ئەوشەو نابێ؛ ئەمن دەڵێم، ئێستا چ بکەین؟

لەناکاو، تەقە بەرز دەبێتەوەو وڵات دەشڵەژێ. شەریف یەکێکی بریندار کردوە و دەرچووە. پێشمەرگەکان، بەشپرزي لە دێ وەدەردەکەون.

مەحەمەد:

– بەخوڵای ئەمن دەمزانی وای لێ دێت

 هاوڕێکەی:

– ئەدی بۆ نەتگوت؛ بێشەرەف!

سمکۆ، سەرکۆنەیان دەکا:

– ئێوە، ئێستا، پێکەوە بەشەڕدێن؟!! خێرابن، با برۆین! دارێنە، لێرەوەیە. جێگایەکی سەخت و لەبارە؛ بۆ سەنگەر گرتن و بۆ شەڕ دەبێت

قەومابوو! چاکیان دەست پێ نەکردبوو؛ رێگای گەڕانەوەش ئاسان نەبوو! بەبێ ڕێکخراو و رێک وپێک کردنی خەڵک، هیچیان پێ-نەدەکرا. ئەو کارانەش، لەچیاوە ئاستەم بوو. بۆکاری وا، دەبوایە لەپێشدا چووبانە نێو جەرگەی خەڵک و تا بەینێکی خەڵکیان ساماندابا، بەڵام پاش ئەوەی لەودیو، پاڵیان پێوە نرا، ناچار بوون بە چەکەکانیانەوە دەربازبن! ئێستاش، لەهەموولایەکەوە دیاربوون و بەدوژمن گەمارۆ درابوون! لەپێشدا، پێ-یان وابوو ئەگەر کۆمەڵێک خۆێندەوار و دڵسۆز، وەک کۆمەڵێک فریشتە، بچنە نێو خەڵک، وەک پێغەمبەرانی کۆن بڵێن وا چاکە و وا خراپە، شۆڕش دەکرێ. وایان-دەزانی خەڵک هەر ئەوەندەی ناوی شۆڕشیان بیست، وەدویان دەکەون؛ بەڵام هەیهات! کۆمەڵی ئینساني، هێندە ساکارنیە و شۆرش هێندە سووک و ئاسان نییە! وەک سمکۆ دەڵێ: هەموو کێشەی کۆمەڵ کێشەی هەژار و زۆردارە، بەڵام زۆرداران تا ئێستا توانیویانە جگە لەو چینەی هەژاری بۆ دەدۆشن، تەنانەت هەژارەکانیش بەدوای خۆدا ڕاکێشن و ئەو کێشەیەیان لەبیر بەرنەوە. هەتا هەژار و تەنانەت بەردەستی زۆردارانیش لەگەل زۆردارنن؛ هەتا هەژاران بەتەواوي تێنەگەن کە بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆیان و بن-کەن کردنی زۆرداران، دەبێ یەک-بگرن و خەبات بکەن؛ تەنانەت هەتا خەڵک، بۆ ئەو مەبەستە دوودڵ بن، دوژمن بەتەنێ نابێ و پشتی هەر قایم دەبێ! تەنیا، کاتێک کە خەباتی خەڵک و چینە پێشڕەوەکان، زۆرداری بە تەنێ خستەوە، کاتێک کە هێزی بەسامی خەڵک هاتەمەیدانی خەباتەوە و تەوژمی گەلان دژی شەتتی زۆردار هاتە کوڵ، ئەو دەمە ئەویش، وەک بڵقی سەر ئاو، دەدڕی لەنێو دەچێ! ئەوکاتەش شۆڕشگێڕان، دەبێ وریا بن ئەو مەیتە پیسە، وەک کرمێ، نەکەوێتە لەشی گەلەوە. هەموو ئەوانەش بەو مەرجە دەکرێ و ساز دەبێ، کە تاقمە پێشڕەوەکانی گەل، پێشدا، توانیبێتیان بە سازکردنی ڕێکخراوێک، کرێکار و جوتیار و چینە زەحمەتکێشەکانی هەموو وڵات کۆبکەنەوە و دوژمن لەهەموو لایەکەوە گەمارۆدەن؛ تەفروتونی بکەن و زوڵم و ناتەبایي، لە ڕگەوە ببڕنەوە!

ئەمان بەڵام، پێش ئەوەی ڕێ و ڕیباز بشێلن و جێ پێ و پردەبازی پتەو ساز بکەن، لەکوردستانی ئەو-دیو ئاوارە بوون و ناچار کران خۆ بدەن لە ڕێگای بێگەڕانەوە؛ ئەو رۆڵە نەبەزانە بونە تەجرەبە. تەجرەبەیەکی تاڵ! ئەو مرۆڤە پێشروانە، داخودا دەبنە پردی دوایی؟!!

بەچاو تروکانێک محەمەدیش هەڵدێ؛ نەکا لەباتی شەریف کە خزمی بوو، بیکوژن! 

یەکێکیان بانگ دەکات:

–  مەحەمد، مەحەمەد، … مەحەمەد!

   … بە خودای ئەویش بۆی دەرچوو

    ئەوی دی دەڵێ:

-نەخێر؛ وەڵام ناداتەوە… 

–    ئەویش راپۆرتمان لێدەدا…!

   سمکۆ دڵخۆشيیان دەداتەوە:

  -دەگەینە چۆمی “دارێنە”؛ هەر لەوێ دەبین تا سبەی شەوێ! نامان-بیننەوە

هاوڕێکەی دەڵێ:

– بەسەری تۆ جاش و جەندرمە زۆر هاتونە ئەو ناوچەیە… 

   سمکۆ، سەرکۆنەی دەکا:

-قەد هێندە لەشەڕێ نەترساوی!؟ جەرگت هەبێ!  

–  ناترسم بەڵام تەواو کەمین؛ ئەو تەرمەشمان پێیە؛ چۆن شەڕمان پێدەکرێ؟   

سمکۆ، لەدڵی خۆیدا دەڵێ: (ئاخ شەریف؛ نائینسانی بێ ئەمەگ) بە دەنگیش دەڵێ:

– هێندە بیرە-بیرە مەکەن! ئەوەتا گەیشتین؛ …

***

دارێنە، چۆمێکە؛ شیوێکە، پڕ-بەردە؛

پڕکەڵێن و قوژبنە؛ بێدەنگە؛ کش و ماتە؛.

لەسەر ئاسۆگەوە درەخت و داران

بەبەژنی خوار و خێچ و بە کزي و خەمباري

رویانکردوەتە ئاسمانی ساف و روونی شەوی بەهاري

بەگەڵای تازە و جوانی مانگی گوڵانەوە

دەستیان بەرەو و ئاسمانی شینە

دەڵێی نیازێکیان هەیە

   ئاواتێکیان لەدڵی خەمینە

بە پەرۆش و بەدەم شینەوە

دەنگیان لێ دێ

دەڵیی دەنگی دۆعای چاکە و پیرێکی وودەم زێڕینە

گاشەبەردان، بێ-دەنگ و کڕن

گەوهەریان داشاردووە و دڵیان بە برینە.

چۆمە بێدەنگە لەبەر گوێی نامەحرەمی پڕ لەقینە

لەبن چوار بەردەوە چوار تفەنگ

ملیان دەرکێشاوە

چاوی ڕەشیان لە ئاسوی

سەرنج داوە

    تا بشکێنین باڵی هەر پەلەوەرێکی خەیاڵی خاوە

جاشێک دەردەکەوێ

تەقە لەتفەنگەوە دێ، جاش دەگەوزێ و دەکەوێ

خەنجەری میسری بێقەرارە

ئەگەر لەکالانا بخەوێ؛

تفەنگی پێشمەرگەش جاش ببینێ؟؟

هەیهاتە، لەسەنگەردا کڕبکەوێ!

ئەوا، ڕەوەیەکی جەندرمە و جاشە

      کە دێنە 

لەسەد و دووسەد و سێسەد، سەر کەوتن

تۆپ و دەبابە و بازووکا[3]، هاتن، ڕیزبوون

ملیان گێڕایەوە، ڕوو لە نێوبەردان؛

پەسا-پەسا گوللەی تۆپ و تانک داباری

بۆدڵی دارێنە و

خەم، بۆ دڵی فەقێر و هەژاری؛/

دارێنە، ئاورینە!

دارەکان، بەشنەی بایەکی بەسام،

هاتوونە سەمایەکی توند و دوژمن-تارێن؛

چەکی نێو بەردان

بە هەموو فیشەکێ دەتلێنێ لاشەی نامەردان

دەیانگەوزێنی لەنێو تەلان و بەردان

دەیانگلێنێتە نێو دەردان.

هەر تۆپەو دەبابەیە بەتاوە

لەباتی سەد تۆپی ئەوان

تاقە فیشەکێک، لەم لاوە؛

بەڵام هەی داد…فیشەکدان…

فیشەکی تێدا نەماوە!

جوامێرەکەی من،

جەخاری بەجەرگم،

چەکی لێ بڕاوە!

***

هۆزی جەندرمە دەلوورێنێ:

-هۆ خان؛ هۆ خان؛ هۆ خانی ئەوی سەر-جاشە

مەردی؟! ئازای؟! فەرموو باشە

دەبرۆ خەبەرێک بێنە

    لەنێو بەرد و تەلانی

بەتۆپ لەت-لەت-کراوی دارێنە! 

خان دێ، بەترسەوە، بەرەو سەنگەران

کلکی کەڵافەیە. گوێی قوتە

هەر بەچەشنێ جاشە کەران؛

دڵ-قایمە بە نۆکەري زۆردار و داگیرکەران…

***

سمکۆ،

ئەوتا؛ بریندارە؛

گوایە ماوە؟!

ئەرێ؛ زەردە-خەندەی هێشتا لە چاوە؛

چەک نەماوە؛

برادەر لە پاڵ برادەرە، کوژراوە؛

سەری لە سەر بەردی سەنگەرێ

چاوی لە ئەستێرەیە

هەروەک چاوی دڵدارێک لە دڵبەرێ

بیری لە مەرگی هەرە جوانە،

          مەرگی خەباتکەرێ

مەرگ ئەگەر هات، دڵە بەخێری بێنە

مەرگی خۆشتر لە سەنگەرە

نەک لە نێو نوێنە.

بەو مەرجەی هەبێ دەستی دۆستی

هەڵگرێ

چەکی داکەوتووم لە سەنگەری دارێنە

خان ،هەڵدەکێشێتە دەمانچەی زێڕینی

دەڵێ: ئەوەیە دوژمنی زۆرداري و خوێن مژێنی؟؟!

پێی دەڵێ: ئەگەر شادەو ئیمانی دێنی بێنە

دەتنێرمە بەحەشتی بەرینێ؛

دێتە زمان چاو و دەمی سمکۆ

کە دەڵێ:

– شادو ئیمانم ئەوەیە

باوەڕم بە هێزی خەڵکە، کە بەحرێکی بەر-بەرینە

باوەڕم بە هیوای خەڵکە

کە هێوایەکی زۆر شیرینە

هەتا هەتایە

خۆشەویستي خەڵکی دەردۆمەندەم ئەوینە

ناڵە لە دەمانچەی دەستە-زێڕینێ

ڕووبارێکی خۆێن دەڕژێ‌ لە برینێ

سمکۆ، لە نێو بەردی دارێنەوە

هەڵدەفڕێتە نێو کۆشی خەڵکی دڵ-خەمینێ

بۆ نێو دڵی خەڵکی چاو-بە-ئەسرینێ

چەکی دەداتە دەست خەڵکی و

ئەسرینیان ئەسڕێ

بە دەسرەی تووڕەیی و قینێ

هەموو ناڵەیان دەگاتە خرۆشینێ،

دەچێتە مێژوو

دەچێتە ئەبەدییەتی بەربەرینێ

ئەوەتا

ئەوە تەرمە؟؟! یا شۆڕە سوارە؟؟!

کە دەڕوا لەو بەری رووبارە؟؟…

***

خەڵکی بانە، هەموو، خرۆشاون

بە چاو تکایانە

بە دڵ ڕجایانە

ئەو شەهیدە ئازیزە کە قەت نابەزێ

بۆ تاقە شەوێکیش بووە، لە بانە دابەزێ

بەڵام ئەوە تۆوی ئاگرە

بەشی بانە، ئەوەتا لە دارێنە

هەتا سوور-کێو، کێوە، ئەویش هەر بەگڕە؛

ئەو تەرمە پیرۆزە بەڵام

 رووی لە ئاسۆیەکی دوورترە

 بە سەرشانی کێوان و هەوراندا

بە باڵان وەک مەلان دەفڕێ

هەتا دەگاتە شاری سەربەرزی سنە

بەڵێ؛ میوانداری ئەو تەرمە ئازیزە،

شاری سنەی پر لە لاوی بەگوڕە.

ئاگری شەوقی کوچکە رەشی پێ دەبێ بە زوخاڵ و

شاری سنەش پڕ لە پشکۆی ئاگرە!…

زایەڵەی دەنگێکی وەکو هەورە-گرمەی بەهارێ

ئەو شێعرە هەمیشە لە دارێنەوە دەبا

تا “کوچکەڕەش”ی گۆڕی شۆرە-سوارێ

کە ئاگر بەر دەداتە هەموو دڵێکی سووتاو بەجارێ

  دەنگی زوڵاڵی سمکۆ کە دەڵێ:    

  •       – باوەڕم بە هێزی خەڵکە کە هێزێکی زۆر بەرینە

باوەڕم بە هیوای خەڵکە کە هیوایەکی زۆر شیرینە

     هەتا هەتایە خۆشەویستي خەڵکى دەردۆمەندم ئەوینە

تەواو


[1] پایزی ١٣٤١-١٩٦٢، بۆ خویندنی ناوەندي، چوومە تاران لای برام: “فاتح شێخ” کە ئەوکات لە زانکۆی تاران دەیخوێند. لەوێوە، لە گەل سمایلی شەریفزادە کە ئەوکات لە زانکۆی تاران دانشجوی فەنني بوو، ئاشنا بووم. پایزی دواتر، ١٣٤٢-١٩٦٣، لەگەل کاک سمایل، بووینە هاو-ژوور. ئاخر-جارێک کەدیم کەمێک پێش نەورۆزی ٤٣ بوو کە ئەو، بۆ پشووی نەورۆزي، بۆ مهاباد دەچووەوە.

 ئەو نەورۆزە، پۆلیسی رژیمی شا هەڵمەتی بردە سەر تێکۆشەرانی کورد لە کوردستان و لە تاران و…. سەدان کەس گیران؛ لەوانە کاک فاتح! لە مهابادیش چوونە ماڵی شەریفزادە، عبداڵڵەی اسحقي و چەند کەسێکی تر، بۆ گرتنیان؛ کاک سمایل، لەماڵ نەبوو؛ عبداللەش هەر لەمال نەبوو و نەگیرا؛ کاتێک بە مەترسییەکەیان زانی، دەرچوون بۆ کوردستانی ئەودیو؛ بۆ لای “شۆڕشی ئەیلوول” (بارزاني).

پاش ئەوەی بارزاني بەدەستووری شا، هێرشی کردە سەر سولەیمانی موعیني و هاورێیانی (لەوانە کاک سمایل) و پاش کوشتنی سولەیمانی مۆعیني و چەند کەسێکیتر و ڕادەست کردنی تەرمەکانیان بۆ هێزەسەرکوتکەرەکانی شا، کاک سمایل و چەند هاوڕێی، ناچار بوون لەوێش نەمێننەوە و پایزی ١٣٤٦-١٩٦٧ چەکدارانە، هاتنەوە کوردستانی ئێران و لەگەل هێزی سەرکوتکەری شا دەرگیر بوون؛ عبداللە اسحقي ئەوکات بە ناوی “احمد توفیق”ەوە سکرتێری ح-د و نۆکەری بارزاني بوو!

 سەرەنجام، کاک سمایل، ١٢ی گوڵانی ١٣٤٧-١٩٦٨، لە شەڕێکی نابەرابەردا، لە “دارێنە”ی بانە، گیانی بەختکرد.

ئەم داستانە، بەگوێرەی ئەونەقڵانەی ئەوکات بیستوومە، داڕێژراوە.

ئەم دەقەم لە بەر گۆڤاری پێشەنگی ژمارە ١٦ەوە نووسیوەتەوە، گەرچی، کاتێک هەندێک هەڵەم لە دەقەکەدا بەرچاو کەوت، دەقەکەم لەگەل فایلی دەنگی هاوڕیم کاک حەمە حوسەینی کەریمی کە کاتی خۆی، ئەم داستانەی لەسەر شریت تۆمار کردووە، بەراورد کرد. سەرەڕای ئەوەش، هەندێک چاک-کردنی ترم بەپێویست زانی.                                               مصلح ڕێبوار

[2] خالیسە، بەشی هەرە-پڕ-بەرهەمی زەوییەکانی دێ کە دەمایەوە بۆ ئاغا.

[3] بازووکا، چەکێکی نیوەقورسی دژ -بەسەنگەر و دەبابەیە، لە چەشنی ئاڕ-پی-جی.