حەقتان چیە؟؟

حەقتان چیە باسی هەڵەبجەی من دەکەن؟؟
لە ئێوە بوو، منداڵ-بەکۆڵ؟؟
له ئێوەبوو دەستی ماندوو؟؟
ئەو کەسەی دەستی کەفاوي لەنیو تەشتی قاپ-وکەوچک شۆردندابوو، لە ئێوە بوو؟؟
لە ئێوه بوو، منداڵی مەمکی-دایک-مژ؟؟
…… …
ئێوه، خۆ، دەمێک بوو وەتەن؛ نیشتمان-تان
سەروەت و
دین و ئیمانتان
نابووەناو کیفەکانتان؛ یان سندووقی پشت سەیارەو
تێتان-قووچاندبوو، شارتان جێ هێشتبوو!!
حەقتان چیە
تەرمەکانمان ئەنێنە سەر یەک و ئەیبەن
له بازاڕی بۆمبافرۆشەکانا، وا،

ئەیدەنەبەر داری حەڕاج؟؟

حەقتان چیه
تەرمی من ئەکەنه پەیژە
بەرەو لووتکەی دەسەڵاتتان؟؟

حەقتان چیە
لە پشت جەنازەکانماندا حەشار ئەگرن
تاکوو دیسان، گڕ-دانێکیتر لەستەم
له تەنووری چەوساندنەوە، لە جەهەننەم
تاوبدەنەوه بۆگیانم؟؟؟
نا-ماقووڵتان کرد!!
نایەڵم!!
بەسیه ئیتر!!