سەد ساڵە، سەد ئەیار

 

سەد ساڵە، سەد ئەیار

بەبۆنەی یەکی ئەیار، ڕۆژی جیهاني کرێکارەوە؛

ساڵی  ١٩٨٦

سەد ساڵە
ژینى سەوز
بە ئاڵاى ئەیارم خشاوە
هەشسەد و هەشتا و شەش
لە یەکى ئەیارا
پرِگەرووى “شیکاگۆ”
خرۆشام:
      بەسیەتى برسیەتى و کۆیلەیەتى!
خرۆشام:
ئازادي!
خرۆشام:
      خاک سەوزبێ و ئاسۆ سوور
      ئاسمان با پرِبێ لە ئاوازى شادي!
خرۆشام،
رۆستەم بووم
کاوە بووم
ئاشیل و پرۆمتە و فەرهاد بووم،
ئیسپارتەکووس من بووم!
*
رۆستەمم
رۆستەمێک وەک ئەسفەندیار،
پۆڵاپۆش
بە پۆڵاى یەکیەتى ئەیار
ئاشیلم،
ئاشیلێک پاژنەشم پۆڵا
کە پاژنە بۆشەکەى تەفرەقەم دانا
کاوەم من،
کاوەیەک ئاڵا هەڵکردوو،
نەک هەر تۆڵەى رۆڵە،
تۆڵەى گشت کردوو!
پرۆمتەم
ئاگرم هێنا بۆ بەشەر
هیچ خوایەک ناتواتێ ببێ بە لەمپەر!
ئیسپارتەکووسێکم لە خاج دابەزیوو،
ئاگرم،
بەربوومە دنیاى دارِزیو!
*
سەد ساڵ بوو
کە “باستیل
پێشێلى هێرشى من ببوو:
ئەستێرەى “کۆمۆن“م
دەمێک بوو هەڵببوو
هەشسەد و هەشتاو شەش
یەکى مانگى ئەیار
بێ ترس لە کوشتار
بێ خورپە لە ئیعدام
خرۆشام: ئازادي!
لە نوورى کازیوەى ئەیارا،
لە زەردەى بەیاني ژێردارا،
خرۆشام: یەکیەتیم؛ ئازادیم، بۆ هەژار
ئابڵۆقەى ئاگرم؛ برووسکەم؛ بۆ ستەم، بۆ نەیار!

***
لە زەردەى کازیوەى ژێردارا
پێنج کەس بوون
پێنج چاوى خۆرەتاو،
با لەبیرنەچنەوە
“شپیس”
“ئەنگل”
“فیشەر” و
“پارسونز” و “فیەڵدێن”
پێنج کەس بوون،
پێنج ئاڵا
پێنج سروود،
پێنج دەنگى بانگەواز…
بانگەواز…
بانگەواز…
بانگەواز…
بە هەنگاوى بلَیند
سنوورى دەهارِى
ئۆقیانووس، شاخى بەرز،
نەبوونە دیوارى
بانگێشتى رزگاري.
پریشکى شیکاگۆ
بوو بەگرِ
گرِێکى دنیاگر…

***

سەد ساڵە
سەد ئەیار
ژینى سەوز
بە ئاڵاى ئەیارم خشاوە…
“مکزیکۆ”
تا ” لەندەن”
تا “تۆکیۆ”
“ئیسکاتلەند”، تا “گدانسگ”،”سۆ ڤە تۆ”
تا “تاران”،
تا ئێرە
کوردستان!
*
لە کوردستان
پۆل پۆل پوورەم
پۆنگ-خواردووە
لە کارخانە و کوورە و کارگاو
لە مەیدان و بازارِى شار
لەم رۆژى یەکى ئایارا
شەپۆلێکم
لە دەریاى بەرینى کارا
دەستم لە دەست
هاوزنجیرانى هاو مەبەست
سەرم لە رێز
هاو چارانى بێ ئەژمارا
لەم رۆژى یەکى ئایارا،
“ئەى ئەو کەسەى وا نامناسی”!
“ئەى ئەوکەسەى وا نامناسی
یا دەمناسى و خۆت گێلدەکەى”،
بەلآم ، کاتێک بیرى گیرفان،
گیرفانى پرِ
ئەکەیتەوە،
خێرا
بیرى بازووى منى بەرگ شرِ
ئەکەیتەوە
تۆ نامناسى و
من دەتناسم
لە قرچەى گەرماى هاوینا
بارى قورسى سەر شانم تۆى!
لە سەرما و سۆڵەى زستانا
کوا نوورى کوژاوەى ماڵم تۆى!
کە دەست بەتاڵم و بێکار
هیچم نییە لە گیرفانا
ژان و برک و خۆشینى مناڵم تۆى!
لە مەشخەڵانى شۆرِشى کوردستانا
سەرداوێن بۆ زاڵم تۆى!
ئاڵاى سوور من،
ئاڵاى شۆرِ تۆى!
ئازادى ئازادى منم
زنجیرى پێى ئازادى تۆى!
دڵداري مەم و زین منم
دڵپیسي بەکرە شۆفارى مەرگەوەر تۆى!
عەشقى نەمرى فەرهاد منم،
دەمەتەشوێى فەرهاد-کوژ تۆى!
*
لێرەوە
تا “گدانسک”
هەتا “سۆ وە تۆ”
پێکدەگەن
لێک دەگەن
دەنگى من بە کۆ
“ئەجۆشێ؛
ئەخرۆشێ؛
کۆمەڵ رێک ئەخا”
هەر هەستاو
دەیبینى
کۆیلەتي رووخا!”
لە یەکى ئایارا
دەنگم دەنگێکە،
بۆ هەژارى بێجەژن،
جەژنم جەژنێکە
ماڵ بە ماڵ، ئەگەرِێم
چى ماڵى هەژار
پیرۆزبێ
یەکێتى و
جەژنەکەى ئەیار!!
1386