پاریسی “پێرلاشێز”

پاریسم
بریندار
بەتیری مەستانی ئەفیوونی ئائینە
***
پاریسی “پێرلاشێز”
پاریسی کۆمۆنە
بە گەرووی خوێناوي
ئاوازی هاودەردي بێرووت و
هاودەردي ئانکارا و
هاوپشتي کۆبانێ
پڕ گەرووی زامداری
ئەخوێنێ
***
هاودەردین.
پێکەوە پێکراوین بە تیری سەرمایە!
جیهادي سەرمایە و
پۆلیسی سەرمایە،
چما دوو بەرداشی سەر و ژێر،
هەستیمان ئەهاڕن؛
ئاردەشانی خوینمان
سنووری گشت بەزاند.
***
کە دەسڕێژ لە “شارلی”
کە دەسڕێژ لە قەڵەم
لە گەرووی بانگەوازی “وۆلتێر”
نەیتوانی
نە قەڵەم بشکێنێ
نە “وۆڵتێر” بێدەنگ کا،
هاتنەوە مەستانی ئەفیووني
ئەمجارە
تەقەیان لە شادي و ئاواز کرد!
“بەتاکلان”یان گەوزاند لە خوێنا
***
پۆلیسی گەمژە و گەوج
سەلیب لە نێوچاوان ئەکێشێ و
خیش ئەکا و
بە پۆتینەوە دێتە سەر
گەڵای سووری شەقام
سەر ئازادي مرۆڤ
هەر وەک کردەوەی بوو
لاژە-لاژ،
ویرد و ئەورادی پووچ
ئەخوێنێ بە خۆیا!
***
بەڵام خۆ پاریسی “پێرلاشێز”
پاریسی “کۆمۆنە” و “پواتیە”
شەقامی بەرنەدا!
بە ئاڵای ئاوازو
بە ئاڵای شادي،
بە
“پیانۆ پرۆتێست”
هاوپشتە و
هاودەنگی جیهانێک کە چاوان هەڵدەبڕێ
مشتە بۆ ژێرچەنەی جیهادي و
پۆلیس و
سەرتاپای بێدادی نگریسی ئاژاوە
***
ئەوێستا
پاریسە و جیهانە و هاوپشتي
پاریسە و هەستانە و هەڵدێرانی مەستان
هەڵدێرانی مەرگ و مەنگانی مەرگ-خواز
پاریسەو شەقامە و شاديیە و ژیانە
کۆمۆنە و ئوکتوبەر
ڕێ نیشاندەرمانە.

ڕێبوار؛ ٢٢-١١-٢٠١٥