بۆ کوبانێ

مەستانی ئەفیوونی ئایین؛
هاتن؛
چۆن دەعبا دێ، ئاوا
دەعبای چی؟
کام وەحش؟ کام دەعبا؟
ژین، لای ئاوا، بێ قیمەتە؟؟
مەگەر سەرمایەی بێ بەزەی ژینی مرۆڤ بەتاڵانبەر؛

کەڵەگای شێتی سەرمایە
مەستی ئەفیوونی ئایینی چاوچڵێسی
پڕچەک، پڕپارە، مێشک بەتاڵ
هاتن؛
کوشتیان؛
گرتیان؛
بردیان؛
ماڵیان ڕمان؛
ملیان پەڕان؛
کۆڕەو؛
ئاوارەیی؛
دیلی؛
کۆئلەتی و ئینسانفرۆشی لە نێوبازاڕ
***
خەڵکی چەکدار؛
خەڵکی ڕێکخراوی چەکدار؛
دایکان و کچانی چەکدار؛
پیاوان، لاوان، گشت بە یەکجار؛
بوونە دیوار؛
بوونە قەڵای بەرخوەدان و بەرەنگاری؛
بوونە دەسڕێژ؛
بوونە ستران و هاوار: ئازادیمان؛
ئازادی هەموو کۆمەڵگا؛
ئازادی مرۆڤایەتی
بۆ سەرنجامێکی رزگار
***
مەستانی ئەفیوونی ئایین؛
کەڵەگای بێڕەحم و بەزەی خوای سەرمایە؛
پرچەک، پڕپارە، مێشک بەتاڵ؛
دڵ بەتاڵ لە شەرم و شکۆ؛
هەر لە چەشنی باجەی خەمساردی بانکەکان؛
هاتن؛
بردیان، کوشتیان، گرتیان، ملیان پەڕان، ماڵیان ڕمان؛
کۆڕەو، دیلی، ئینسانفرۆشتن لە بازاڕ؛
بەڵام کۆبانی قەڵابوو
بەرخوەدان و بەرەنگاری خەڵکی چەکدار
کچان و ژنانی دلێر؛
دەست و دڵ یەکگرتوو؛ بوێر؛
سینگی کچان، نەک قەڵغانی گولە، بووبە قۆناغی چەکی هێرشکەر؛
دەسڕێژی قارەمانەو ژینگەی ستران و هاوار: ئازادیمان؛
ئازادی هەموو کۆمەڵگا؛
هەموو مرۆڤە بەیەکجار
***
کۆبانێ قەڵابوو؛
مشت بوو؛
بۆ بن ڕیشی مەستانی ئەفیوونی ئایین؛
بۆ سەرسینگی خودای خەمساردی سەرمایە؛
بۆ نێوچاوی کەڵەگای شێتی سەرمایە
***
بژی بەرخوەدانی گشتی خەلکی چەکدار؛
دایکان و کچانی سەنگەر؛
قەڵا و دیوار
بژی کۆبانێی بەرەنگار

مصلح ڕێبوار
٢٠١٤/١٠/٠٤